وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: دوو هێندەی توانای چاکسازییەکان سزادراو هەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، لە سێ مانگی رابردوودا 32 کەس، کە لەسەر شەقامەکانی سلێمانی دەمانەوە، داڵدە دراون. ئاماژە بەوەش دەکات، چاکسازییەکانی گەوران نزیکەی دوو هێندەی توانای خۆیان، سزادراویان لەخۆ گرتووە.
رۆژی شەممە، 14-02-2026، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا لە سلێمانی گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ساڵانە لە وەرزی زستاندا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی پارێزگاکە چاودێریی بازاڕ دەکات، بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو کەسانە بدۆزێتەوە، کە لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە.
بەگوتەی کوێستان محەممەد، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکە لیژنەیەکی پێکهێناوە کە لە سێ مانگی رابردوودا، سێ رۆژی هەفتە بە سەرانسەری شاری سلێمانیدا گەڕاون و 32 کەسیان لەسەر شەقامەکان هەڵگرتووەتەوە.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەوەشی خستەڕوو، لەو 32 کەسە، هەشتیان خەڵکی ناوەندی سلێمانین، 11ـیان دەوروبەری سلێمانی و سێیان خەڵکی نێوەڕاست و خوارووی عێراقن.
کوێستان محەممەد ئاماژەی بە چارەسەری دۆخی ئەو کەسانە کرد و گوتی: ''دووانیان براونەتە خانەی بەساڵاچووان، دووانیان لە ماڵی ئارامی چەمچەماڵن، خێزانێک کە لەنێو ئۆتۆمبێلدا دەمانەوە و هەروەها سێ بەساڵاچووش براونەتە هۆتێل".
وەک وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، باری دەروونیی ژمارەیەک لەو کەسانەی لەسەر شەقامەکان هەڵگیراونەتەوە، خراپە و ''پێویستە سەرەتا وەزارەتی تەندروستی چارەسەریان بۆ بکات. ئەوانەی دەروونیان باش نییە یان بەخشراون، نابرێنە خانەکان، چونکە کاریگەریی نەرێنی دەخەنە سەر ئەوانەی دیکەش.''
کوێستان محەممەد سەبارەت بەو سێ کەسەی خەڵکی نێوەڕاست و خوارووی عێراقن باسی لەوە کرد، هاوئاهەنگییان لەگەڵ ئاسایشی سلێمانی کردووە کە بیاننێرنەوە بۆ شارەکانی خۆیان.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 5 خانەی تایبەت بە منداڵانی بێسەرپەرشت، بەساڵاچووان و شێڵتەرێکی داڵدەدانی ژنان هەن، کە بەگشتی نزیکەی 150 کەسیان تێدایە.
''دوو هیندەی توانای چاکسازییەکان سزادراو هەن''
لە بەشێکی قسەکانیدا، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بە قەرەباڵخیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، ''هەر کامەیان بۆ راگرتنی 990 سزادراو دروست کراون، بەڵام دوو هێندەی توانای خۆیان و بگرە زیاتریش سزادراویان تێدان.''
وەک کوێستان محەممەد ئاماژەی دا، ئێستا چاکسازیی گەورانی سلێمانی هەزار و 700 سزادراوی تێدایە، لە چاکسازیی گەورانی هەولێر دوو هەزار و 200 سزادراو و لە دهۆکیش نزیکەی هەزار و 500 سزادراو هەن.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ چارەسەرکردنی گرفتی قەرەباڵخیی چاکسازییەکان گوتی، ''یان دەبێ پەرلەمان لێبووردنێکی گشتی دەربکات، یان حکومەت چاکسازییەکی گەورە دروست بکات، کە ئەوە پارەیەکی زۆری پێویستە و لە دەسەڵاتی وەزارەتدا نییە.''
سێ چاکسازیی گەوران لە هەرێمی کوردستان هەن کە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆکن. ئەوەش جیا لە سێ چاکسازیی ژنان و منداڵانیش، کە لە هەر سێ شارەکە هەن.