زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک کرایەوە
رووداو- دهۆک
رۆژی 14-3-2016 کە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی راپەڕینی خەڵکی پاریزگای دهۆک لەساڵی1991 زانکۆی ئەمریکی بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەرپرسانی حکومی و نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە دهۆک کرایەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا رایگەیاند: "نە تیرۆریستانی داعش و نە هیچ قەیرانێک نامانوەستێنێ و نابێتە رێگر لەبەردەم چاکسازیدا". هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "رێکخستنی ناوماڵی کورد تاکە رێیە بۆ گەیشتن بە پاشەڕۆژێکی گەشتر بۆ خەڵکی کوردستان ".
مایکل مۆلینکس، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک لە گوتارێکدا بەبۆنەی کردنەوەی زانکۆکە گوتی: "زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک سەربەخۆیە لە کارەکانی و خوێندکارانی زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک شانبەشانی خوێندکارانی دیکەی جیهان ئاستێکی زانستی بەرزیان دەبێت".
مایکل مۆلینکس، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک لە بەشێکی دیکەی قسەکانی ئاماژەی بە پشتیوانی بارزانی لەو زانکۆیە کرد و رایگەیاند: "بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پابەندە بە گەیاندنی شوناسی نەتەوەیی کورد و پشتگیریەکی تەواوی لە کردنەوەی ئەو زانکۆیە کردووە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان: هیچ قەیرانێك نامانوەستێنێ
پاشنیوەڕۆی دووشەممە 14-3-2016، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەفەرمی زانكۆی ئەمریكیی دهۆك-كوردستانی كردەوە و رایگەیاند "خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵتانم بۆ بەشداریکردن لەو مەراسیمە، کردنەوەی زانکۆکە دەستکەوتێکی دیکەی گرنگی زانستییە لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ گەلی کورد کە رۆژی لەدایکبوونی بارزانی و 25 ساڵەی یادی ئازادکردنی شاری دهۆکە، کردنەوەی زانکۆکە لەو رۆژەدا سەنگ و خۆشییەکی دیکە دەخاتە سەر خۆشییەکانی گەلەکەمان لە 14ی ئادار".
بە ئاماژەدان بەوەی هێرشەکانی داعش نەبوونە هۆی راگرتنی کاروانی ئاوەدانی و پێشخستنی کوردستان و لەكاتی هێرشەكانی داعشدا كاركردن لە زانكۆكە نەوەستاوە، رایگەیاند هیچ هێزێک ناتوانێت کورد لە پێشكەوتن رابگرێت. هەروەها دەستخۆشی لە مەسروور بارزانی، سەرۆکی فەخری زانکۆکە و د. مایکل مۆینكس، سەرۆکی زانکۆکە كرد و پیرۆزبایی لە خەڵکی دهۆک و گەلی کوردستان كرد.
بارزانی باسی لەوەش كرد کاتێک کار لە دروستکردنی ئەو زانکۆیە دەکرا و داعش شەڕی دەکرد و دەیویست لەو دەڤەرە نزیکبێتەوە، "ئێمە بەرگریمان دەکرد و بەردەوامیشمان بە کاروانی ئاوەدانکردنەوە دا و،ئەو پڕۆژەیەش لە کارکردن نەوەستاوە، ئەوەش نیشانەی خۆڕاگری و بەرگی گەلەکەمان بوو، بۆیە توانیومان سەرکەوین و زانکۆش نیشانەی زانست و سەرکەوتنە و هیوادارم زانکۆی ئەمریکی ببێتە نموونەیەکی زیندووی سەرکەوتوو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".
لە گوتارەكەیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی سەربەخۆیی و خەباتی گەلی كوردی كرد لەپێناو ئازادیدا و رایگەیاند "کورد 2 هەزار ساڵە خەبات بۆ ئازادی دەكات، بۆ ئازادی قوربانی زۆری داوە و زۆر خەباتی بۆ بەدیهێنانی ئازادی کردووە، هیوادارم ئەو قوربانیانە بەسبن و هەمووان لە ئازادیدا بژین، مانگی ئادار مانگی قەدەری کوردە، مانگی سەرکەوتن و شکستی کوردە و هیوادارم گەلی کوردستان ئازادی یەکجاریی بەدەستبهێنێت".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە گوتارەكەیدا باسی لەو پڕۆژە چاكسازیانەش كرد كە ماوەیەك لەمەوبەر رایگەیاندن و گوتی "هیچ قەیرانێک نابێتە رێگر لەو چاکسازیانەی دەستمانپێکردوون و بەردەوام دەبین".
نێچیرڤان بارزانی: قەیرانی دارایی دەرفەتێكی گرنگە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی زانکۆی ئەمریکی دهۆک - کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لەوە کرد ئەم قەیرانە داراییەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا هەیە دەرفەتیکی گرنگە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند " زیاتر لە دوو ساڵە حکومەتی عێراق بودجەی بڕیوە، شەڕی داعش هەیە، 1 ملیۆن و 700 هەزار ئاوارە هاتوونەتە باشووری کوردستان و نرخی نەوت دابەزیوە.. بەڵام ئەم قەیرانە بۆ ئێمە دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی".
نێچیرڤان بارزانی وێڕای پیرۆزباییکردن "لە خەڵکی دهۆک، بادینان و کوردستان بە گشتی بەبۆنەی کردنەوەی زانکۆکە"، گوتی "میللەتی ئێمە میللەتێکی زیندووە، لە رۆژە هەرە سەختەکاندا حەزی لە ژیانی ئاوەدانکردنەوە هەبووە.. باوباپیرانمان شانسی ئەوەیان نەبووە وەکو پێویست بخوێنن، بەڵام ژیانیان کردە قوربانی تاوەکو رۆڵەکانیان ئەمڕۆ لە زانکۆ بخوێنن".
"بەردەوام دەبین لە گەڕاندنەوەی متمانە بۆ ئێزدییەکان"
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد "داعش دەگاتە سزای خۆی و وەڵامی تاوانەکانی دەداتەوە، هەروەها بەردەوامدەبین لە دەرمانکردنی برینی ئێزدیان و گەڕانەوە متمانە بۆیان".
ئاماژەی بەوەش دا "گەڕاندنەوەی ژیان بۆ دەڤەری شنگال و ئەو شوێنانەی داعش کۆنترۆڵی کردبوون گەورەترین شکستی داعشە"، گوتیشی " بەردەوامین لە پڕۆسەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش و هەر ئەمڕۆ چەند کوردێکی دیکەی ئێزدی رزگارکراون".
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوپەیمانانیشی کرد و گوتی "سوپاسی هاوپەیمانان دەکەین بەتایبەت ئەمریکا کە رۆڵی گرنگی هەبووە لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و بەهۆیەوە هاوسەنگی شەڕی داعش و تیرۆرستان گۆڕاوە".
لە کۆتاییدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی "رێکخستنی ناوماڵی کورد تاکە رێیە بۆ گەیشتن بە پاشەڕۆژێکی گەشتر بۆ خەڵکی کوردستان ".
مەسروور بارزانی: زانکۆی ئەمریکی دەبێتە دەرگایەک بۆ داهاتوویەکی باشتر
سەرۆکی فەخری زانکۆی ئەمریکی رایگەیاند: "خۆشحاڵی خۆم دەردەبڕم لەوەی کە 5 ژنی کوردی ئێزدی کە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون و رزگارکراون ئێستا لەگەڵمان لەکردنەوەی زانکۆی ئەمریکی بەشدارن". گوتیشی:"زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک دەبێتە دەرگایەک بۆ داهاتوویەکی باشتر لە ناوچەکەدا".
مەسروور بارزانی، سەرۆکی فەخری زانکۆی ئەمریکی لەگوتارێکدا کە بەبۆنەی کردنەوەی زانکۆی ئەمریکی پێشکەشی کرد، رایگەیاند: "ئەو شوێنەی کە ئێوە ئەمڕۆ بەشدارن لە کرانەوەیدا ناوەکەی لە بەڕێز ژەنەراڵ مستەفا بارزانییەوە گیراوە لەبەر ئەوەی باپیری من هەموو ژیانی خۆی تەرخانکرد بە بەرەوپێشبردنی ئەو وڵاتە و پێگەیاندنی گەنجان لە وڵاتەکەماندا، بۆیە زۆر زۆر شانازی بەوەوە دەکەم کە ئەو شوێنە بەنێوی ئەو بکەم".
مەسروور بارزانی ئاماژەی بە رۆڵی زانکۆی ئەمریکی کرد لە بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا و گوتی: "زانکۆی ئەمریکی رۆڵێکی زۆر کارا و کاریگەری دەبێت لە بەرەو پێشبردنی وڵاتی ئێمە، ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە کانگای زۆر گەورەی زانستمان لە کوردستان دامەزراندووە بۆ بەرەو پێشبردنی وزەی گەنجەکانمان، بە دڵنیاییەوە ئەنستیوتێکی وەک زانکۆی ئەمریکی دەتوانێت زۆر رۆڵێکی گەورەی هەبێت لە بەرەو پێشبردی کۆمەڵگای ئێمەدا".
سەرۆکی فەخری زانکۆی ئەمریکی هەروەها گوتی: "دامەزراندنی ئەو زانکۆیە رۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە بەرەوپێشبردنی مافەکانی تاک لە کۆمەڵگای ئێمەدا و هەروەها لە بەرەوپێشبردنی زانیاری لەسەر مافەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا، بەگشتیش کاریگەری دەبێت لەسەر کۆمەڵگای کوردستان بەهەموو شێوەیەک".
مەسروور بارزانی بەبوونی زانکۆکە لە دهۆک چاوەڕێی داهاتوویەکی باشی کرد بۆ ناوچەکە و رایگەیاند: "کردنەوەی زانکۆکە هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ هەنگاوە کاریگەرییەکانی ئەو ئەنستیوتە لە کوردستان، دەتوانم دڵنیاتان بکەمەوە کە کرانەوەی زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک دەبێتە دەرگایەک بۆ داهاتوویەکی باشتر لەو ناوچەیەدا".
لە کۆتایی قسەکانیدا مەسروور بارزانی سەرۆکی فەخری زانکۆی ئەمریکی و راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "خۆشحاڵی خۆم دەردەبڕم لەوەی کە 5 ژنی کوردی ئێزدی کە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون و رزگارکراون ئێستا لەگەڵمان بەشدارن لە کردنەوەی زانکۆکەدا. زانکۆی ئێمە دەبێتە سەنتەرێک بۆ ئەوەی کە یارمەتی بدات بەو ژنانەی کە قوربانی تووندوتیژی بوون لە بەرامبەر ژناندا و هەروەها ئەو ژنانەی کە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە رفێندرابوون".
فەرهاد ئەترووشی: ئەمڕۆ بۆ ئێمە لە پارێزگای دهۆک بووە سێ جەژن
فەرهاد ئەترووشی پارێزگای دهۆک لە گوتارێکدا بەبۆنەی کردنەوەی زانکۆی ئەمریکی لە پارێزگایە رایگەیاند: "شانازییە بۆ ئێمە کە زانکۆی ئەمریکی لە رۆژێکی مێژوویی بۆ خەڵکی کوردستان و خەڵکی دهۆک دەکرێتەوە، بۆ ئێمە ئەمڕۆ بووە سێ جەژن کە یەکەمیان رۆژی لەدایکبوونی بارزانی نەمر بوو کە لە 14-3-1903 لەدایکبووە، هەروەها 14-3-1991 رۆژی راپەڕینی پارێزگای دهۆک بوو و ئەمڕۆیش رۆژی کردنەوەی زانکۆی ئەمریکییە".
پاریزگاری دهۆک هیوای خواست کردنەوەی زانکۆی ئەمریکی لەو پارێزگایە "ببێتە دەرگایەکی باش و مەزن بۆ خەڵکی پارێزگای دهۆک و هەموو خەڵکی کوردستان".
فەرهاد ئەترووشی لە کۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند: "سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە پشتوان بوون لە کردنەوەی زانکۆی ئەمریکی بەتایبەتی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سوپاسی هەر کەس و لایەنێکیش دەکەین کە پاڵپشت بووە بۆ کردنەوەی زانکۆکە بەتایبەت سەرۆکی بۆردی زانکۆکە، رێزدار مەسروور بارزانی".
زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک
زانكۆكە پشت بە سیستەمی پەروەردەیی-خوێندنی ئەمریكی دەبەستێت، خوێندن لەم زانكۆیە بەپارەیە. ئێستا 260 خوێندكار لەم زانكۆیەدا درێژە بە خوێندن دەدەن.
یەكێك لە ئەندامانی دەستەی ئەمینداری ئەو زانكۆیە دەڵێت "چەند بەشێك لەم زانكۆیە هەن نەك لە زانكوی ئەمریكیی سلێمانی، بەڵكو لە هیچ زانكۆیەكی دیكەی كوردستاندا نین".
هونەر خۆشەڤی، ئەندامی دەستەی ئەمیندارێتی زانكۆكە بە (رووداو)ی راگەیاند "ئەو زانكۆیە وەكو خەڵاتێكە پێشكەشی خەڵكی پارێزگای دهۆك و كوردستانی دەكەین". سەبارەت بە ئاستی خوێندنی زانكۆكە دەڵێت "لە پێنج بەش پێكدێت، كە هەندێ بەشی تەنیا لەم زانكۆیەدا هەیە".
سەبارەت بە نرخی خوێندن لەو زانكۆیە، هونەر خۆشەڤی گوتی "ئەو زانكۆیە نەك وەكو پڕۆژەیەكی بازرگانی كاری لەسەر دەكەین، بەڵكو بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستە لە كوردستان و هەوڵمان داوە ئەو پارەیەی لە قوتابیەكانی وەردەگرین تەنیا 34% بێ كە خەرجی خوێندنە و ئەوەی دیكە هەموو وەكو هاوكاری پشكەشی قوتابیان دەكەینەوە".