پاسەوانێکی مەلا مستەفا بارزانی: هەمیشە هەوڵی دەدا بەپێی ئایەت و فەرموودە حکومڕانی بکات
رووداو - سۆران
ئەسعەد عادۆ 14 ساڵ لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی ژیاوە، تەمەنی 83 ساڵە و لە ساڵی 1961ـەوە تاوەکو نسکۆی شۆڕش پاسەوانی بووە، ئەو شاهێدی زۆربەی کارەکانی سەرکردەکەی بووە، ئیمان و باوەڕی مەلا مستەفا بارزانی لای ئەو باس و خواسی یەکەمن.
ئەسعەد عادۆ، پێشمەرگەی ئەیلوول دەڵێت، "مەلا مستەفا تا بڵێی هۆشیار و دانا بوو لە ئایین و پەیڕەوێکی باشی ئایین بوو، هەمیشە هەوڵی دەدا بەپێی دەقی ئایەت و فەرموودە حکومڕانی بکات و نەهێڵێت هیچ کەس زوڵمی لێبکرێت یان خودا و پێغەمبەر نەهییان لە شتێک کردبێت، ئەویش نەیدەهێشت پێشمەرگەکانی ئەو کارە بکەن".
هەموو ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی شۆڕشی ئەیلوول بوون، لیژنەی فەتوای هەبووە و بە پشتبەستن بە یاسا و رێساکانی ئایینی ئیسلام حکومڕانی دەکرا.
مستەفا دێرانەیی کە پێشمەرگەی ئەیلوول و پێشمەرگەیەکی گەنجی ئەوکات بووە، دەڵێت، "لەگەڵ دروستبوونی شۆڕش، بارزانی یەکێتیی زانایانی دامەزراند و هەمیشە هەوڵی ئەوە بووە بەپێی یاسا و رێساکانی ئیسلام حکومڕانی بکرێت و هیچ کارێکی یاسایی بەبێ زانایانی ئایینی نەدەکرا، خۆیشی شارەزاییەکی باشی لە ئایین هەبوو".
دێرانەیی کاتێک ساڵی 1962 باوکی شەهید دەبێت، چەکەکەی ئەو هەڵدەگرێت و لە تەمەنی 17 ساڵی دەبێتە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول، ئێستا تەمەنی 75 ساڵە، خوێندەوار بووە و چاک خاسیەتەکانی مەلا مستەفا بارزانی و کردارەکانی بیر ماون.
مستەفا دێرانەیی ئاماژە بەوە دەکات، "سێ کۆڵەگەی گرنگ لای ئەو [مەلا مستەفا بارزانی] پەسند بوون: ئایین پەروەری، نیشتمان پەروەری و مرۆڤ دۆستی؛ کە ئەوانە رێک ئایین و ئەو هەمیشە بەو بنەمایانە کاری رۆژانەی خۆی و شۆڕشی دەکرد، تابڵێی لەخواترس بوو، هەمیشە دەیگوت ئایین چی بخوازێت مرۆڤ دەبێت لە هەڵسوکەوتی رۆژانەی ئاوا رەنگبداتەوە".
لە 6ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1993دا تەرمی مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی کوڕی، لە رۆژھەڵاتی کوردستان گەڕێندرانەوە باشووری کوردستان و لە بارزان بەخاکسپێردران.
لەوەتەی ئارامگەکەی کەوتووەتەوە زێدی خۆی، ساڵانە لەگەڵ دەستپێکی مانگی ئازاردا کە سەرەتاکەی ساڵڕۆژی کۆچی دواییەتی و ناوەڕاستەکەشی ساڵوەگەڕی لەدایکبوونیەتی، دەیان هەزار کەس لە هەرچوار بەشی کوردستان سەردانی گڵکۆکەی دەکەن.