شەش پارتى کریستیان بایکۆتى هەڵبژاردنیان کرد؛ 'هیچ کەسێک نوێنەرایەتیی ئێمە ناکات'

 
رووداو دیجیتاڵ 

شەش پارتى دیکەى کریستیان بڕیاریاندا بایکۆتى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان بکەن وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بڕیارى دادگەى فیدڕاڵى بۆ هەڵوەشاندنەوەى کورسییەکانی کۆتا لە پەرلەمان و دەڵێن: "هەر کەسێک لە رێگەى لیستە گشتییەکانەوە بگاتە پەرلەمان نوێنەرایەتى ئەوان ناکات".   
 
14ى ئادارى 2024، شەش پارتى کریستیان لە راگەیێندراوێکدا بایکۆتکردنى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەى ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەى بڕیارى دادگەى فیدراڵى و هەموارنەکردنى یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنى دەنگدان لە نێو پێکهاتەکەدا.          
    
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 10ى حوزەیرانى داهاتوو بکرێت، یەکەمجارە بەبێ کورسیی کۆتایى پێکھاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسیان بۆ کریستیانەکان، پێج بۆ تورکمانەکان و کورسیەکى دیکەیان بۆ ئەرمەنە، لە دواى ئەوەى لە 21ى شوبات دادگەى باڵاى فدراڵى عێراق ئەو کورسییانەى هەڵوەشاندەوە. 
 
ئەو پارتە کریستیانانە لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێن: "هەر کەسێک لە رێگەى لیستە گشتییەکانەوە بگاتە پەرلەمان، نوێنەرایەتى ئێمە ناکات و پابەند نابین بە هەڵوێست و سیاسەتەکانى و بەشێک دەبێت لەو ئەجێندا سیاسییەى بۆى هاتووەتە پەرلەمان".
 
شەش پارتە کریستیانەکە بریتین لە: بزوتنەوەى دیموکراتی ئاشوورى، پارتى یەکێتیی بەیت نەهرەینى نیشتمانى، پارتى دیموکراتی ئاشوورى، ئەنجوومەنى گەلى کلدان سریان ئاشوورى، پارتى رۆڵەکانى نەهرەین و پارتى بەیت نەهرەینى دیموکراتی.
 
11ى ئادارى 2024 ، نۆ پارتى دیکەى کریستان بەهۆى هەڵوەشاندنەوەى کورسیی کۆتاى پێکهاتەکانەوە بایکۆتى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستانیان راگەیاند. 
 
رۆژێک دواتر و لە 12ى ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیاری دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە نەهێشتنی کورسی کۆتا، بایکۆتی هەڵبژاردنیان راگەیاند و جەختیان کردەوە کە "تاوەکو ئەوکاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن".