بەرپرسێکی ئاماری دهۆک: نەبوونی پڕۆژەی وەبەرهێنان هۆکاری بەرزبوونەوەی هەژارییە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی بەشی دۆخی ژیان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری دهۆک دەڵێت، نەبوونی پڕۆژەی وەبەرهێنان لە پارێزگاکە هۆکارێکی سەرەکی بەرزیی رێژەی بێکارییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ''نائارامیی ناوچە سنوورییەکان و زۆریی ئاوارە و پەنابەران دوو هۆکاری دیکەن بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری لە دهۆک.''
ئەمڕۆ هەینی 14-03-2025، سەباح مەحفووز، بەرپرسی بەشی دۆخی ژیان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری دهۆک لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشیکرد، لەبارەی بەرزی رێژەی هەژاری لە پارێزگاکە رایگەیاند: ''ئەم بابەتە بۆ نەبوون یان کەمیی پڕۆژەی وەبەرهێنان لە سنوورەکە دەگەڕێتەوە''.
بەگوێرەی دوایین رووپێویی کۆمەڵایەتی و ئابووریی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، دهۆک هەژارترین پارێزگای هەرێمی کوردستانە کە لە 2007دا 9.3٪ بوو، لە 2012دا بووەتە 5.8٪، لە 2018دا گەیشتوەتە 8.6٪ و لە 2024دا بووەتە 15.3٪.
کەمترین رێژەی هەژاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر تۆمارکراوە کە 7.1٪ـە. سەباح مەحفووز گوتی: ''بەراورد بە دهۆک، ژمارەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەولێر دوو هێندە زیاترە، ئەوەش دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی کاری زیاتر.''
هەر بەگوێرەی دوایین رووپێویی کۆمەڵایەتی و ئابووریی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، تێکڕای قەبارەی خێزانی ئاسایی لە دهۆک 06.06، هەولێر 04.67 و سلێمانی 04.25ـە. بەگوتەی بەرپرسی بەشی دۆخی ژیان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری دهۆک، هۆکارێکی دیکەی بەرزی رێژەی هەژاری لە پارێزگاکە زیاتربوونی تێکڕای قەبارەی خێزانە بەروارد بە هەولێر و سلێمانی.
هاوکات سەباح مەحفووز نائەمنیی ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای دهۆک بە هۆکار دەزانێت بۆ چۆڵبوونی گوندەکان کە ''دەستکەوتنی هەلی کاری لە ئاستی شارەکان ئەستەم کردووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری رێژەی هەژاری لە پارێزگاکە.''
پێوەرەکانی هەژاری لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەو شێوەیەن کە هەر كەسێک لە مانگێكدا کەمتر لە 137 هەزار دیناری هەبێت بە هەژار هەژمار دەكرێت.
پارێزگای دهۆک لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق زۆرترین پەنابەر و ئاوارەی لەخۆگرتووە. ئەو بەرپرسە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد کە ''هاتنی پەنابەران گوشارێکی دیکەیە بۆ سەر پارێزگای دهۆک و بێگومان کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی هەلی کار و بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری هەبووە.''
20 بۆ 22ی تشرینی دووەمی 2024 لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەرژمێریی گشتی کرا و تێیدا ناوی خێزانەکان تۆمارکرا و تاوەکو 10ی کانوونی دووەمی 2024 فۆڕمی تۆماری خێزان پڕکرایەوە، تێیدا زیاتر لە 70 پرسیار لە هاونیشتمانی و هاووڵاتییان کرا.
رۆژی 24ی شوباتی 2025 ئەنجامی گشتیی سەرژمێرییەکە راگەیێندرا.