وەزیری ناوخۆی عێراق رەزامەندیی دا ئەفسەرانی هەرێمی کوردستان لە کەرکووک دەمانچە هەڵبگرن

 
رووداو دیجیتاڵ

لەسەر داوای پەرلەمانتارێکی کەرکووک، وەزیری ناوخۆی عێراق رەزامەندیی دا ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە نیشتەجێی کەرکووکن، بتوانن دەمانچەی جۆری "گڵۆک" لە بەغدا بکڕن.
 
مازن غەریب عەبدولڕەحمان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، نووسراوێکی ئاراستەی عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق کردووە و تێیدا داوای کردووە ئاسانکاری بکرێت بۆ ئەو ئەفسەرانەی میلاکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانن، بەڵام دانیشتووی پارێزگای کەرکووکن، بۆ ئەوەی بتوانن دەمانچە بکڕن.
 
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی ئەو پەرلەمانتارەی لەسەرە و رۆژی 12-03-2026 دەرچووە، وەزیری ناوخۆی عێراق رەزامەندیی داوە لەسەر "هەڵاوێرکردنی" ئەو ئەفسەرانە و رێگەدان پێیان بۆ کڕینی دەمانچەی جۆری (Glock) لە پشکی "سندووقی شەهیدانی پۆلیس."
 
هەر بەپێی نووسراوەکە، ئەم بڕیارە 76 ئەفسەری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە کە نیشتەجێی کەرکووکن، مەبەست لێی دابینکردنی ''پاراستنی کەسی'' و ئاسانکارییە بۆ هاتووچۆکردنیان لە بازگەکاندا لە نێوان شوێنی نیشتەجێبوون و بارەگاکانیان، تاوەکو رێگری لە هەر ئاستەنگێک بکرێت، کە بێتە بەردەم کارە فەرمییەکانیان.
 
لە نووسراوەکەی مازن غەریبدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی ئەمنی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە، چونکە هێزەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکی و کاریگەرن لە سیستەمی ئەمنیی عێراق بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات.