بۆ 15یەمین رۆژ درۆن ئاراستەی هەولێر کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە درۆن ئاراستەی هەولێر کرا و درۆنەکان لەلایەن سیستە بەرگرییەکان تێکشێندران، ژمارەی ئەو مووشەک و درۆنانەی ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکرێت 300ی تێپەڕاند.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، زیاتر لە درۆنێک ئاراستەی هەولێر کران، بەڵام  هیچ کام لە درۆنەکان ئامانجیان نەپێکاوە و لەلایەن سیستەمەکانی بەرگریی تێکشێکندراون.
 
ئەو دیمەنانەی دەست رووداو کەوتوون، یەکێک لە درۆنەکان لە چۆڵەوانییەکی نزیک کۆمەڵگەی سێبیرانی هەولێر کەوتووەتە خوارەوە و چاڵێکی دروست کردووە و ئاگرێکی کەم لە شوێنەکە بەرز دەبێتەوە.
 
هەر بەپێی ئەو دیمەنانەی هاونیشتمانیان بۆ رووداویان ناردووە، پارچەی درۆنە تێکشکێندراوەکان لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر کەوتوونەتەوە و زیانیان بە خانوو و ئۆتۆمبێلێکی هاونیشتمانیان گەیاندووە.
 
لە 28ی شوباتی 2026 کە ئیسرائیل و ئەمریکا بە هاوبەشی ‌هێرشیان کردە سەر ئێران، هەرێمی کوردستان بە تایبەتی شاری هەولێر بە درۆن و مووشەک بۆردوومان دەکرێت. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 300 مووشەک و درۆن ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون. 
 
 
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، لە چوار ناوچەی بندەستی سێ گرووپ بە سێ جۆر درۆن هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان.
 
یەکێک لەو شوێنانەی کە درۆنەکانیان لێوە ئاراستەی هەولێر دەکرێت، دەشتاییەکانی قەزای بەعاج لە باشووری رۆژئاوای نەینەوا و سنووری قەزای حەزەر لە باشووری نەینەوا. 
 
قەزای بەعاج 51 کیلۆمەتر و قەزای حەزەر 74 کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورن، دوو گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی لەو دوو ناوچەیە باڵادەستن، کە بریتین لە لیوای 40ی کەتیبەکانی ئیمام عەلی و لیوای 44ی ئەنسارولمەرجەعییە.
 
یەکێک لە شوێنەکانی دیکە کە گومان دەکرێ لێوەی بە درۆن هێرش بکرێتە سەر هەولێر، سنووری قەزای دووبزە لە باکووری رۆژئاوای کەرکووک کە نزیکترین شوێنی 22 کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە؛ لیوای 40ی کەتیبەکانی ئیمام عەلی لەو سنوورە باڵادەستترین گرووپی نێو حەشدی شەعبین.
 
دوو لە نزیکترین ناوچەکان کە بە گوتەی بەرپرسانی سنوورەکە گومان دەکرێ لێوەی بە درۆن هێرش بکرێتە سەر پارێزگای سلێمانی، سنووری قەزاکانی دووبز لە کەرکووک و خورماتوو لە پارێزگای سەلاحەدینن.
 
دووبز 64 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای سلێمانییەوە دوورە، هەرچی قەزای خورماتووە 80 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای سلێمانییەوە دوورە.
 
جەبار یاوەر، پسپۆڕی سەربازی و ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئەو هێرشانەی گرووپەکان لە رێگەی سێ جۆر درۆنەوە دەکرێن کە کۆپی درۆنی هاوشێوەی ئێرانیین، ئەوانیش بریتین لە ئارش، شاهید، سەمەد و لە عێراق دروست دەکرێن و مەودای فڕینیان دەگاتە 100 کیلۆمەتر."