پارێزگاری هەولێر: کارکردنی موەلیدەکان تاوەکو 1ـی نیسان درێژکرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری هەولێر دەڵێ، پلانی کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی کارەبای نیشتمانی تاوەکو سەرەتای مانگی نیسانی داهاتوو بەردەوام دەبێت. ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانیش وردەکاریی وەرگرتنی پارەی ئەمپێر و چۆنیەتیی قەرەبووکردنەوەی هاونیشتمانییان روون دەکاتەوە.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو رایگەیاند، کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان تاوەکو 01-04-2026 بەردەوام دەبێت. 
 
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد کە ئومێد وایە تاوەکو ئەو کاتە "پشتیوان بەخودا، دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و پێویست بە درێژکردنەوەی زیاتری وادەکە نەکات."
 
سەبارەت بە تێچووی کارەباکە، خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بۆ رادیۆی رووداو ئاشکرای کرد کە سەرەتا بڕیاربوو بۆ 100 کاژێر کارەبا بڕی 5 هەزار دینار وەربگیرێ، بەڵام ئێستا 10 هەزار دیناری دیکە وەردەگیرێ بۆ ئەوەی ئەوەی 300 کاژێر کارەبا بدرێتە هاونیشتمانیان تاوەکو یەکی نیسانی 2026.
 
خۆران خۆرانی ئەوەشی روون کردەوە کە مافی هاونیشتمانییان پارێزراوە و گوتی، ئەگەر تاوەکو وادەی دیاریکراو موەلیدەکان کەمتر لە 300 کاژێر کاریان کرد، ئەوا ئەو کاژێرانەی دەمێننەوە لای خاوەن موەلیدەکە دەبنە "قەرز" و لە کاتی هەر کوژانەوەیەکی کارەبای نیشتمانیدا لە داهاتوودا، دەبێت خاوەن موەلیدەکە بە بێ پارە ئەو کاتانە بۆ هاونیشتمانییان قەرەبوو بکاتەوە.
 
ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێر 1250 موەلیدەی ئەهلی بە مۆڵەتی فەرمی خراونەتە کار بۆ ئەوەی لەکاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانی، کارەبا بدەنە هاونیشتمانیان.