وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ رووداو: بڕێک پارە دەدرێتە خێزانی شەهید و بریندارانی هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رێنمایی دەدات بەوەی شەهید و بریندارانی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، خەڵاتکردن و رێزلێنان بیانگرێتەوە و بڕێک پارەش دەداتە خێزانەکانیان.
لیوا تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی ئاداری 2026، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "بە فەرمانی فەرماندەی گشتی، بڕێکی دیاریکراوی پارە دەدرێتە خێزانی شەهیدان و بریندارانی هەرێمی کوردستان و لە خەڵاتکردن و رێزلێنانەکانیش سوودمەند بن."
لیوا تەحسین خەفاجی لە سەردانێکیدا بۆ لای برینداران و بنەماڵەی شەهیدانی هێزە ئەمنییەکان لە کەرکووک گوتی: "پەرۆشی و چاودێری و پشتیوانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بۆ ئەوەیە کە تەواوی شەهیدان و بریندارانی هێزە ئەمنییەکانمان لە چوارچێوەی سیستمی ئەمنی فیدراڵی و هەروەها مەدەنییەکان، خەڵاتکردن و رێزلێنان بییانگرێتەوە."
بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بریندار و شەهیدانەی هەرێمی کوردستان کە لە پەلامار و دەستدرێژییەکانی ئەم دواییانەدا کراونەتە ئامانج، خەڵاتکردنەکە دەیانگرێتەوە؛ بەڵام بەو مەرجەی "بە شێوەیەکی فەرمی لە رێگەی بروسکەیەکەوە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و لە رێگەی نوێنەری هێزەکانی پێشمەرگەوە تۆمار کرابن."
خەفاجی روونیکردەوە ئەو رێزلێنان و هاوکارییە، قوربانیانی مەدەنیش دەگرێتەوە، بەو مەرجەی ناوی قوربانییان لە رێگەی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەزارەتی تەندروستی فیدراڵی لە بەغدا بەرز بکرێتەوە، بۆ ئەوەی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانیان بۆ جێبەجێ بکرێت.
سەبارەت بە بڕی هاوکارییەکەش لیوا تەحسین خەفاجی گوتی، گوتی: "10 ملیۆن دینار بۆ خێزانی هەر کوژراوێک و 5 ملیۆن دینار بۆ هەر بریندارێکە."