بەهۆی بۆردوومانی ئەمریکا و ئیسرائیل 6 ئەندامی یەک خێزان لە ئیلام گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری ئیلام رایگەیاند؛ بە هۆی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شاری ئەیوان 6 ئەندامی یەک خێزان کوژران.
ئەمڕۆ شەممەی 14ی ئاداری 2026، تاجەدین ساڵحیان، جێگری پارێزگاری ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شوێنێکی نیشتەجێبوون لە شاری ئەیوان 6 ئەندامی یەک خێزان کوژران."
تاجەدین ساڵحیان ئاماژەی بەوەشکرد: "لە ناو ئەو خێزانەی کوژراون منداڵێکی تەمەن شەش مانگ هەیە."
بە گوتەی تاجەدین ساڵحیان، هەموو خێزانەکە لە ژێر داروپەردووی خانووەکە ماون و تیمەکانی فریاکەوتن سەرقاڵی دەرهێنانی تەرمەکانیانن.
بەپێی میدیای ئێران، لە ماوەی 15 رۆژی جەنگ تەنیا لە ئیلام 60 کەس کوژراون و 4 لە کوژراوانیش منداڵن.
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل پێینایە سێیەمین هەفتەوە، هەردوولا هێرش دەکەنە سەر یەکدی، بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 729 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 15 هەزار کەسیش برینداربوون.