گرووپێکی چەکدار هێرشەکەی هەولێری لە ئەستۆگرت
رووداو دیجیتاڵ
گرووپی "ئەصحابولکەهف" بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکەی ئەمشەوی شاری هەولێر رایگەیاند و بانگەشەی ئەوە دەکات، بەرژوەندییەکانی ئەمریکایان بە ئامانج گرتووە. ئەمە لە کاتێکدایە درۆنەکە لە سەربانی ماڵی هاونیشتمانییەک لە نێو جەرگەی شاری هەولێر کەوتووەتە خوارەوە.
گرووپەکە لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی یەکشەممە، 15ـی ئاداری 2026 بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاند، لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە (درۆن) هێرشیان کردووەتەسەر بەرژەوەندییەکانی "دووژمنی ئەمریکی و داردەستەکانیان" لە هەرێمی کوردستان.
ئەو گرووپە چەکدارە ئاماژەی بەوە کردووە، ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبێت. هەروەها هۆشدارییان داوەتە هاووڵاتییانی مەدەنی و داوایان لێکردوون لەو شوێنانە دووربکەونەوە، کە هێزەکانی ئەمریکایان لێیە.
ئەو گرووپەی ناوی خۆی ناوە 'موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق' و نزیکە لە کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرپرسیارێتیی خۆی لە زۆرینەی ئەو هێرشانە رادەگەیێنێت، کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، هەندێ جاریش دیمەنی هەڵدانی درۆنی دروستکراوی خۆجێیی بڵاودەکاتەوە، کە گوایە هێرشەکەیان پێکردووە.
پارچەی درۆنێک کەوتووەتە سەربانی ماڵی هاونیشتمانییەک لە گەڕەکی کارێزانی هەولێر و ببینە نێوماڵەکەی چی لێهاتووە! pic.twitter.com/lLxxTURHNu
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 14, 2026
بەهۆی هێرشەکانی ئەو گرووپانە و هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تاوەکو ئێستا 6 کەس لە باشووری کوردستان گیانیان لە دەستداوە و 40 کەسیش بریندار بوونە.