هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان نزیکبووەتەوە لە سفر

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی مانگی رەمەزان و جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لایەنی پەیوەندیدار دەڵێن، هاتنی گەشتیار لە پارێزگاکانی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان نزیک بووەتەوە لە سفر، بەڵام ئامادەکاری دەکەن و چاوەڕوانی گەشتیارن لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا.
 
ئەگەر مانگی رەمەزان 30 رۆژی تەواو بێت، هەینی 20ـی ئادار یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەبێ. ئەگەر مانگەکە 29 رۆژ بێت، جەژن دەکەوێتە رۆژێک پێشتر. بەرپرسانی پەیوەندیدار دەڵێن: "هاوشێوەی ساڵانی پێشوو ئامادەکاری بۆ هاتنی گەشتیاران دەکەن".
 
زیرەک بیا ئیلیا، سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان لە هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگەوە هاتنی گەشتیار بە تەواوی کەمبووەتەوە، بەڵام ئەوەش بەو مانایە نییە کە بۆ جەژن هیچ گەشتیار نەیەت".
 
سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان لە هەولێر گوتی، زۆرینەی گەشتیارەکانی هەرێمی کوردستان لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێن؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "لیژنەی جیاواز هەن و لە بازگەکان، هۆتێل، میوانخانە و چێشتخانەکان هەموو ئامادەکارییەک دەکەن بۆ پێشوازی لە گەشتیارانی جەژن".
 
ساڵانە لە بۆنەکاندا لیژنەی جیاوازی گەشتوگوزار، کۆمەڵەی میوانخانەکان و قایمقامییەتی شارەکان ئامادەکاری بۆ هاتنی گەشتیاران دەکەن و لە بازگەکان رێنماییان پێ دەدەن. زیرەک بیا ئیلیا گوتی: "ئەوەی ساڵانی رابردوو کراوە ئەم ساڵیش دەکرێ".
 
گۆران قادر، گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانیش ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە پلان و ئامادەکاریی خۆمان بۆ جەژن دەکەین و سبەی وردەکارییەکان رادەگەیێنین، سەرەڕای هەبوونی جەنگ، پێشبینی هاتنی گەشتیار دەکەین".
 
گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی رایگەیاند: "بۆ پێشوازی لە گەشتیارانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق، لە بازگەکانەوە لیژنەی تایبەت ئامادە دەبن و رێنمایی دەدەنە هەموو ئەو گەشتیارانەی دێنە سنوورەکەمان".
 
گۆران قادر گوتی، جەنگ کاریگەریی لەسەر چوونی گەشتیار بۆ سلێمانی هەبووە. ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێستاش لە رووی ئارامی و ئەمنییەتەوە هەرێمی کوردستان ئارامترە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بۆیە چاوەڕوانی هاتنی گەشتیار بۆ جەژن دەکەین".
 
گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی باسی لەوەکرد، ئەوان رێگرن نین لە هیچ چالاکییەک بۆ جەژنی رەمەزان و گوتی: "دەستخۆشیش لە هەموو ئەوانە دەکەین چالاکی بۆ جەژن دەکەن، لیژنەکانیشمان لە بازاڕ و شوێنە گەشتیارییەکان ئامادەییان دەبێ".
 
چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجەش ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گەشتیاری دەرەوەش نەیەت گەشتیاری نێوخۆمان دەبێ، چونکە کەشەکە لەبارە؛ جەژن و بەهارە و خەڵک دەچێتە دەرەوە".
 
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە گوتی: "لە قەزا و ناحیەکانی سنوورەکەمانەوە ئامادەکاری دەکرێ. نووسراومان بۆ پۆلیس و لایەنەکانی دیکە کردووە، چونکە گەشتیاری نێوخۆش پاراستن، خزمەتگوزاری و هاوکاری دەوێ".
 
چیا قاسم گوتی: "بێگومان جەنگ کاریگەریی خۆی دەبێ و هەیبووە. پێش جەنگ هەفتانە نزیکەی 40 پاسی گەورە گەشتیار دەهاتە سنوورەکەمان، ئێستا بووە بە یەک پاس، بەڵام دیسانیش ئامادەکاری بۆ هاتنی گەشتیارانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکەین".
 
لەبارەی سنووری دهۆکیشەوە، بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چالاکییەکان بۆ جەژن لە شارەکەدا دەبن، بەڵام بۆ هاتنی گەشتیار جارێ بەرچاومان روون نییە، چونکە ئێستا بەهۆی جەنگەوە گەشتیار نایەت".
 
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزار، ساڵانە لە دۆخی ئاساییدا لە جەژنەکانی وەکو رەمەزان و قوربان، نزیکەی 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، کە زۆرینەیان لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بوون.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 2 هەزار و 500 شوێن بەناونیشانی بنکەی گەشتیاریی تۆمار کراون کە زۆرینەیان هۆتێل، رێستۆرانت و کافتریان.
 
ئەو شوێنانەی وەکو بنکەی گەشتیاری تۆمار کراون بەم شێوەیەن:
 
- هۆتێل 468
- موتێل 267
- کۆمەڵگەی گەشتیاری 33
-گوندی گەشتیاری 20
- توانای وەرگرتن- ژمارەی قەرەوێڵە 63 هەزار و 682
-چێشتخانە - رێستۆرانت 524
- کافتریا 657
- کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری 518