لەکاتی سەردانی شاندی بەغدا رێگری لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرا
رووداو - کەرکووک
شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق سەردانی کەرکووکی کرد، کاتێک شاندەکە گەیشت هەرچی هێز و سەرباز هەبوو بە شارەکەدا بڵاوکرانەوە، هێزەکە تەنانەت رێگەیان بە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەدا بچنە نێو باڵەخانەکەیان.
سامر غەفان، جێگری سەرۆککوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت لەگەڵ وەزیری سەرچاوەکانی ئاو و جێگری سێ وەزارەتی دیکە ئەندامانی شاندەکەی حکومەتی عێراق بوون. لەدوای دیدارێکیان لەگەڵ راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەت کۆنگرەی رۆژنامەڤانیان ئەنجامدا، بەڵام هیچ پلانێکی خۆیان بۆ میدیاکان ئاشکرانەکرد.
سامر غەفان رایگەیاند "پەیوەست بە ئێمە زۆر گرنگە نە تەنیا لە بەکارهێنانی دەسەڵاتەکان و دابینکردنی خەرجییەکان کار بۆ پارێزگاکە بکەین، بەڵکو پشتیوانی لەم پاریزگایە دەکەین لە کەوتنەوەسەرپێی خۆی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و خزمەتکردنی خەڵک، ئەوە لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکومەتی فیدراڵییە".
لەو کاتەی شاندەکەی بەغدا لە باڵەخانەی پارێزگا بوو، هێزە ئەمنییەکان رێگریان لە هەر جموجۆڵێک دەکرد. تەنانەت رێگریان لەئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاش کرد بچنە سەر دەوامی ئاسایی خۆیان. دواتر ئەندامەکان ویستیان بەیاننامەیەک لە دژی ئەو مامەڵەیەی هێزە سەربازییەکان بخەنەڕوو، بەڵام راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەت رێگەی بەوەش نەدا، ناچار ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا لەسەر شەقامی بەردەم پارێزگا قسەیان بۆ میدیاکان کرد.
گەلاوێژ جەباری، ئەندامی فراکسیۆنی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی "باڵەخانەکە تەنیا هی پارێزگا نییە و هی ئەنجوومەنیشە. ئەگەر هێزی تێدایە خۆ هەر ئەو هێزەیە چەند رۆژە پارێزگاری لە هەر دوو باڵەخانەکە و ئەندامانی ئەنجوومەن و پارێزگاش دەکات. دیارە ئەو هێزەی هاتبوو رێگری لە ئێمە کرد، دواتر ئێمە بەیاننامەیەکمان نووسی و ویستمان لەناو پارێزگا ئەم کۆنگرەیە ئەنجامبدەین، بەڵام ئەوەشیان قبوڵنەکرد".
رێگرییەکە تەنیا لە کورد نەبوو، ئەندامە عەرەب و تورکمانەکانیش هەمان دۆخی کوردیان هەبوو، بۆیە بە تووندی دژی هەڵسوکەوتی هێزەکان و بڕیارەکەی راکان جبووری وەستانەوە.
د. خەلیل حەدیدی، ئەندامی فراکسیۆنی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگا گوتی "ئێمە دەڵێین ئەوە رابردوویەکی مەترسیدارە. پێویستە لەسەر هەمووان رێز لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا بگرن. نابێ ئەنجوومەنی پارێزگا بەبیانووی نەبوونی کۆبوونەوە و بوونی کەلێن و نەبوونی چی و چی دیکە فەرامۆشبکرێن. ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا ئامادەن و لیژنەکان کاران، بە هەمووان رادەگەیەنین نابێ هەڵەی لەم جۆرە دووبارە بکەنەوه، ئەم هەڵانە سەردەمێک بوو، بەسەرچوو".
بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا پێیانوایە، مامەڵەی ئەمڕۆ لە دژی ئەوان پەرچەکرداری کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردووە، کە داواکارییەکی راکان جبووری-یان سەبارەت بە خەرجکردنی لە 50%ـی بەشە بودجەی پترۆ دۆلار رەتکردەوە.