بەهۆی شەڕەتەقە لە ناحیەی رزگاری سێ کەس برینداربوون

رووداو - هەولێر 

ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە شەڕەتەقە لەنێو ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای خەبات دروستبوو و سێ کەس برینداربوون و بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، "تاوەکو ئێستا تەقەکەرەکان دەستگیرنەکراون".
 
رۆژی هەینی 14ی نیسانی 2023 بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە، هەڵدەکوتنە سەر ماڵێک لە ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای خەبات و پارێزەری کەیسی خێزانەکەش دەڵێت، سێ کەس لەو خێزانە برینداربوون کە یەکیان ئافرەتە و تەمەنی 28 ساڵە.
 
یونس حەسەن، پارێزەری راوێژکار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی هێرشەکەوە سێ کەس بە ناوەکانی فەخری فەتحوڵڵا 47 ساڵ، مەغدید زکری مووسا 16 ساڵ و شادیە ئیدریسی تەمەن 28 ساڵ برینداربوون.
 
کێشەکە لە چییەوە سەریهەڵداوە؟
 
بە گوتەی یونس حەسەن، 10 رۆژ بەر لە ئێستا کچێکی 17 ساڵ لە ناحیەی خەبات خۆی دەسووتێنێت و کەسوکارەکەی گەنجێک بە هۆکاری خۆسووتاندنی دەزانن و سکاڵای لەسەر تۆماردەکەن. وەک پارێزەری ئەو گەنجە باسی دەکات، "دوێنێ دادوەری لێکۆڵینەوەی خەبات بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، گەنجەکە بە کەفالەت ئازاد دەکات".
 
ئەو پارێزەرە دەشڵێت، ئێوارەی ئەمڕۆ کچەکە لە نەخۆشخانە گیانلەدەستدەدات و ئەوەش وادەکات خێزانەکەی هەڵکوتنە سەر ماڵی ئەو کوڕەی پێشتر سکاڵایان لەسەر تۆمارکردبوو و دوای تەقەکردنێکی زۆر سێ کەس برینداردەبن.
 
 
"کەس دەستگیر نەکراوە"
 
بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری وردەکاری شەڕەتەقەکەی ئەم ئێوارەی ناحیەکەی باسدەکات و دەڵێت، هەردوو لایەنی شەڕەکە یەک بنەماڵەن و تاوەکو ئێستا کەس سکاڵای تۆمار نەکردووە و هیچ کەسیش بەهۆی تەقەکردنەکەوە نەگیراوە.
 
رابەر ساڵح شێرۆ، بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری بۆ رووداوی پشتڕاستی دەکاتەوە کە هۆکاری شەڕەکە لەسەر گیانلەدەستدانی ئەو کچە بووە کە خۆی سووتاندووە و دەڵێت، هەردوو بنەماڵەکە سەر بە عەشیرەتی هەرکین.
 
لەبارەی بریندارەکانیشەوە رابەر ساڵح گوتی، دوو لە بریندارەکان گوللـە بەر دەستیان کەوتووە و ئەوی دیکەش گوللـە بەر قاچی کەوتووە و برینی هەرسێکیان سووکە.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری گوتی، تاوەکو ئێستا کەس دەستگیرنەکراوە، بەڵام هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش رەوانەکراون بۆ ئەوەی سەرجەم تەقەکەرەکان دەستگیربکەن.