پاشماوەی مووشەکێکی ئێران لە رواندز کەوتە خوارەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە نزیک گوندی ئاکۆیانی سەر بە قەزای رواندزی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پاشماوەی مووشەکێکی ئێران دۆزراوەتەوە، هاونیشتمانییان دەڵێن ''کاتی کەوتنە خوارەوەی دەنگێکی بەهێزی هەبووە و ناوچەکەی لەراندەوە.''
 
درەنگی شەوی رابردوو، پاشماوەی مووشەکێکی ئێران کە لە چوارچێوەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئاراستەی ئیسرائیلی کردبوو، لە گوندی ئاکۆیانی سەر بە قەزای رواندزی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەوتە خوارەوە؛ بەگوتەی ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سۆران، پاشماوەی مووشەکەکە 12 مەتر درێژە و نزیکەی مەترێک بەرینە، کە بە تەواوی ئاسەواری سووتانی پێوە دیارە.
 
پاشماوەی مووشەکەکە کەوتووەتە نێو باخی هاونیشتمانییەکی خەڵکی گوندەکە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و ماڵی نەبووە.
 
هێزە ئەمنییەکان رێکاری پێویستییان بۆ هەڵگرتنەوە و گواستنەوەی پاشماوەی مووشەکەکە گرتووەتەبەر.
 
یەکێک لە هاونیشتمانییانی خەڵکی گوندی ئاکۆیان بە روودای گوت، ''دەوری کاژێر 01:40ـی بەرەبەیان بوو کە مووشەکەکە لێرە کەوتە خوارەوە، شتێکی زۆر ترسناک بوو و دەرگە و پەنجەرەی گوندی لەراندەوە، تەواو لە بوومەلەرزە دەچوو.'' 
 
شەوی شەممە 13-04-2024 تاوەکو بەرەبەیان، ئێران لە رێگەی نزیکەی 300 درۆن و مووشەکی کرووزەوە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەڵام سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکە زیانێکی ئەوتۆی نەبووە و 99%ـی مووشەک و درۆنەکانیان خستوونەتە خوارەوە.
 
هێرشەکە دوای ئەوە هات کە رۆژی 01-04-2024 کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کرایە ئامانج و حەوت کەس، کە دووانیان فەرماندە و ئەوانی دیکەش راوێژکاری سەربازیی ئێران بوون، کوژران، ئێران تۆمەتەکەی خستەپاڵ ئیسرائیل و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی کرد.
 
بەشێک لە درۆن و مووشەکەکانی شەوی رابردووی ئێران بە ئاسمانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕبوون، کە ژمارەیەکیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکاوە لە سنووری سلێمانی و هەولێر خرانەخوارەوە.