مەسرور بارزانی: کەس و لایەن هەن، دەیانەوێت بە عەقڵیەتی پێش ئەنفال نکۆڵی لە مافەکانمان بکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە 36ـەمین ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفال رایگەیاند "تائێستاش کەس و لایەن هەن، دەیانەوێ بە بیرکردنەوەیەکی شۆڤێنیانە و بە هەمان ئەو عەقڵییەتەی لە پشتی ئەنجامدانی ئەنفالەوە بوو، نکۆڵی لە مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن."
مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا دەڵێ "حکومەتی هەرێمی كوردستان، لە کاتێکدا خزمەتکردنی زیاتری بنەماڵە و کەسوکاری ئەنفالکراوان بە ئەرکی خۆی دەزانێت، لە هەمان کاتدا دووپاتیشی دەکاتەوە ئەرک و بەرپرسیاریێتیی ئەخلاقی و دەستووری حکومەتی فیدراڵە، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان و هەموو قوربانییانی دەستی رژێمی بەعس بکاتەوە."
تاوانی ئەنفال بە ھەشت قۆناخی یەک لە دوای یەک لە 22ـی شوباتی 1988 دەستیپێکرد و، تاوەکو 6ـی ئەیلوولی 1988 بەردەوام بوو. قۆناخی سێی ئەنفال کە رۆژی 14-4ـی 1988 بوو، بەهۆی ئەوەی زۆرترین قوربانی هەبوو و گەورەترین کۆمەڵکوژی تێدا کرا، بەراورد بە قۆناخەکانی دیکە، بۆیە بە رۆژی ئەنفال دیاریکراوە.
دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆکی حکومەت:
ئەمڕۆ یادی تاوانێکی گەورە و زامێکی ساڕێژنەبووی جەستەی گەلی کوردستان دەکەینەوە، کە 36 ساڵ لەمەوبەر، ڕژێمی پێشووی عێراق، لە پێناو سڕینەوە و قڕکردنی گەلی کوردستان، شاڵاوی جینۆساید و کۆمەڵکوژیی ئەنفالی ئەنجام دا.
ئەنفال تاوانێکی کەم وێنە و لەبیرنەکراوە و دەبێ هەمیشە ئەو تاوانانە و قوربانییەکانمان لە یاد بێت و نەوەکانمان بزانن کە خەڵکی کوردستان، چ قوربانییەکی مەزنیان لەپێناو مافە نەتەوەییە رەواکانی داوە.
حکومەتی هەرێمی كوردستان، لە کاتێکدا خزمەتکردنی زیاتری بنەماڵە و کەسوکاری ئەنفالکراوان بە ئەرکی خۆی دەزانێت، لە هەمانکاتدا دووپاتیشی دەکاتەوە کە ئەرک و بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و دەستووری حکومەتی فیدراڵە، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی بەعس بکاتەوە.
ئەوەی مایەی داخە تائێستاش کەس و لایەن هەن دەیانەوێ بە بیرکردنەوەیەکی شۆڤێنیانە و بە هەمان ئەو عەقڵییەتەی لە پشتی ئەنجامدانی ئەنفالەوە بوو، نکۆڵی لە مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن کە لە ئەنجامی خەبات و تێکۆشانێکی بێ وێنەی خەڵکی کوردستانەوە بەدەست هاتوون.
لە ساڵیادی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفالدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گشت شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە لە یادەوەریماندا زیندوون.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/4/14