مەسرور بارزانی لە ساڵیادی ئەنفالدا: پێویستە حکومەتی عێراق کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان قەرەبوو بکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی 38 ساڵەی ئەنفالدا رایگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات و بە شێوەیەکی شایان قەرەبووی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو شەهید و ئەنفالکراوانەی کوردستان بکاتەوە.
لە بەشێکی پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێویستی دەزانێت، ئەم جینۆساید و کۆمەڵکوژییانەی بەرامبەر کوردستان کراون، هەمیشە لە یادی گەلی کورددا بمێننەوە و نەوەکانی دواتریش بزانن "دەستکەوتەکانی ئێستامان بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون، کەسیش خێری پێ نەکردووین، بەڵکو بەرهەمی خەبات و خوێنی هەزاران شەهیدی سەربەرزی کوردستانە."
دەقی پەیامی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، یەکێک لە دڕندانەترین شاڵاوەکانی پاکتاوی نەژادی و جێنۆساید بوون، کە لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق لە دژی گەلی کوردستان ئەنجام درا، بووە هۆی بێسەروشوێن بوون و شەهیدکردنی هەزاران خەڵکی بێتاوانی کوردستان و خاپوورکردنی هەزاران گوند و دێهاتی کوردستان.
ئەم جێنۆساید و کۆمەڵکوژیيانەی بەرانبەر خەڵکی کوردستان کران، پێویستە هەمیشە لە یادماندا بمێنن و نەوەکانمان بزانن کە دەستکەوتەکانی ئێستامان بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون، کەسیش خێری پێ نەکردووین، بەڵکو بەرهەمی خەبات و خوێنی هەزاران شەهیدی سەربەرزی کوردستانە.
لەم یادەدا، جەخت دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیاریەتيی ئەخلاقی و دەستووريی خۆی جێبەجێ بکات و بە شێوەیەکی شایان، قەرەبووی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو شەهید و ئەنفالکراوانەی کوردستان بکاتەوە.
لە 38ـەمین ساڵیادی ئەنفالدا، سڵاو لە گیانی پاکی ئەنفالکراوان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
14-04-2026