زیادبوونی هەناردەی نەوتی کەرکووک، 10 ملیۆن دۆلاری پارێزگاکە دەخاتە ئەستۆی بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
زیادبوونی هەناردەی نەوتی کەرکووک لەڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، نزیکەی 10 ملیۆن دۆلار مافی پارێزگاکە وەک بودجەی پترۆدۆلار دەستەبەردەکات کە یاسای بودجەی گشتی دیاریکردووە.
ئامارەکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بۆ مانگی ئادار دەریخست، هەناردەی نەوتی کەرکووک لەڕێگەی بۆریی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا زیاتر لە 2.7 ملیۆن بەرمیل بووە.
رێبوار کەریم، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، مافی کەرکووک و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی دیکەی نەوتە کە پترۆدۆلار وەربگرن بەرامبەر هەناردەکردنى نەوتەکەى، بەڵام ئەگەر هەیە بەهۆی دۆخی دارایی ئێستاى عێراقەوە حکومەت نەتوانێت ئەو بڕە پارەیە خەرج بکات."
بەگوێرەی مادەی پێنج لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق، بڕی 5%ـی داهاتی نەوت و گاز بەو نرخەی لە بودجەی گشتی دیاریکراوە، بۆ ئەو پارێزگایانە خەرج دەکرێت کە نەوت یان گاز بەرهەم دەهێن و هەناردە دەکرێت، یان لەناوخۆدا بەکاردەهێنرێت.
نرخی یەک بەرمیل نەوت لە یاسای بودجەی گشتیدا بە 70 دۆلار هەژمار کراوە، لەکاتێکدا نرخی نەوتی فرۆشراوی عێراق بۆ مانگی ئادار زیاتر لە 105 دۆلارە.
بەگوێرەی نرخی یاسای بودجە بێت، ئەو بڕە نەوتەی کەرکووک کە لە مانگی ئادار هەناردەکراوە، بودجەی پترۆدۆلارەکەی زیاتر لە 9.7 ملیۆن دۆلارە.
مازن غەریب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پشکی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەدواداچوون بۆ ئەو پارەیەی بودجەی پترۆدۆلار دەکەین بۆ خەرجکردنی."
یاسای بودجە ئەو بوارانەی دیاریکردووە کە بودجەی پترۆدۆلاری تێدا خەرج دەکرێت، کە ئەوانیش خزمەتگوزاری، چارەسەری نەخۆشی و دابینکردنی کارەبان.