بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ: کێشەی تاپۆ و نەبوونی نەخشەی فراوانکردن، دابەشکردنی زەوی دواخستووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ لە پارێزگای دهۆک دەڵێت، رێکارە کارگێڕییەکانی پەیوەندیدار بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بەردەوامن، بەڵام نەبوونی تاپۆ و نەخشەی فراوانکردن لە ناوچەکە، پرۆسەکەی دواخستووە.
رزگار عوبێد، بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، بۆ بەدواداچوونی بابەتی دابەشکردنی زەویی فەرمانبەران لە سنوورەکە لەگەڵ سەرۆکایەتیی شارەوانی کۆبووەتەوە و دەڵێت: "رێکارەکان هێشتا ماون و تاوەکو تەواو نەبن، زەوییەکان دابەش ناکرێن."
سەبارەت بە هۆکاری سستیی رێکارەکان، رزگار عوبێد ئاماژەی بەوە کرد، سنووری ناحیەی شیلادزێ کێشەی نەبوونی تاپۆ و نەبوونی نەخشەی فراوانکردنی هەیە، ئەوەش وایکردووە رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان قورستر بن بەراورد بەو شوێنانەی زەوییەکانیان تاپۆیان هەیە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە مۆڵەتی دروستکردنی خانوو لەو زەوییانەی رەگەزیان کشتوکاڵییە، بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ گوتی: "هەر کەسێک بیەوێت خانوو دروست بکات، دەبێت سەردانی شارەوانی بکات. ئەگەر زەوییەکە بەپێی ماستەرپلان بۆ نیشتەجێبوون بێت و هیچ بەربەستێکی یاسایی نەبێت، رێگەپێدانی پێدەدرێت."
بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ باسی لەوە کرد، رێگە نادرێت لەسەر ئەو زەوییانەی بۆ مەبەستی چاندن و کشتوکاڵ دیاریکراون، خانوو دروست بکرێت، چونکە هەر ناوچەیەک بەپێی ماستەرپلان بۆ مەبەستێکی دیاریکراو (نیشتەجێبوون، گەشتیاری یان کشتوکاڵی) تەرخان کراوە.
سەبارەت بەو زەوییە کشتوکاڵییانەی کە پێشتر بەر پڕۆژە گشتییەکان و شەقامەکان کەوتوون، رزگار عوبێد ئاماژەی بەوە کرد کە لە پێنج ساڵی کارکردنی ئەودا دۆخی لەو شێوەیە رووی نەداوە، بەڵام ئەوانەی لە ساڵانی پێشتردا زەوییەکانیان بەر پڕۆژە کەوتووە، بەشێکیان قەرەبوو کراونەتەوە و ئەوانەشیان کە ماون، پێویستیان بە بڕیاری حکومەت و تەواوبوونی رێکارە کارگێڕییەکان هەیە.