سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی ئەنفالدا: پێویستە لە ئاستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید بناسرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی لە یادی 38 ساڵەی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەنفال زوڵمێكی زۆر گەورە بوو، لە هەمانكاتدا وانەیەكی گرنگە بۆ نەوەكانی ئێستا و داهاتوو كە نابێ لەژێر هیچ بارودۆخێكدا فەرامۆش بكرێت."
 
لە پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی بە پێویستی دەزانێت "لە ئاستی نێودەوڵەتی ئەم تاوانە بە جینۆساید بناسرێت و لە ئاستی عێراقدا ئەو دڵنیاییە هەبێت کە ئەم تاوانانە لە بەرانبەر گەلی كوردستان هەرگیز دووبارە نابنەوە."
 
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەنفال برینێكی قووڵە لە دڵی هەموو خەڵكی كوردستان، "لە ئەنجامی ئەو كردەوە نامرۆڤانەیەدا 182 هەزار هاووڵاتیی کورد بە بێ ئەوەی هیچ تاوانێكیان كردبێت و تەنیا لەبەر كوردبوونیانەوە بێسەروشوێن و شەهید كران."
 
هەروەها سەرۆک بارزانی بە ئەركی سەر شانی دەوڵەتی عێراقی دەزانێت قەرەبووی ئەنفال و ئەو جینۆسایدە بكاتەوە كە لە دژی میللەتی کورد ئەنجام دراوە.
 
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ ساڵیادی ئەنفال:
 
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
 
ئەنفال برینێكی قووڵە لە دڵی هەموو خەڵكی كوردستان، یەکێکە لە گەورەترین تاوانەکان کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراقەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک و ئامانجدار لە دژی گەلی كوردستان پیادە كرا. لە ئەنجامی ئەو كردەوە نامرۆڤانەیەدا 182 هەزار هاووڵاتیی کورد بە بێ ئەوەی هیچ تاوانێكیان كردبێت و تەنیا لەبەر كوردبوونیانەوە بێسەروشوێن و شەهید كران. هەروەها كیمیابارانكردن، تەعریب، دەركردنی بەزۆر، گۆڕینی دیموگرافی و وێرانكردنی هەزاران گوند و هەوڵدان بۆ تێكدانی هەموو بنچینەكانی ژیان لە كوردستان، بەشێكی تری ئەو تاوانانە بوو كە حكومەتی پێشووی عێراق لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامی داوە.
 
ئەنفال زوڵمێكی زۆر گەورە بوو لە هەمانكاتدا وانەیەكی گرنگە بۆ نەوەكانی ئێستا و داهاتوو كە نابێ لەژێر هیچ بارودۆخێكدا فەرامۆش بكرێت. پێویستە لە ئاستی نێودەوڵەتی ئەم تاوانە بە جینۆساید بناسرێت و لە ئاستی عێراقدا ئەو دڵنیاییە هەبێت کە ئەم تاوانانە لە بەرانبەر گەلی كوردستان هەرگیز دووبارە نابنەوە. هەروەها ئەركی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئەنفال و ئەو جینۆسایدە بكات كە لەدژی میللەتەكەمان ئەنجام دراوە.
 
لە یادی سی و هەشت ساڵەی كارەساتی ئەنفالدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین، و هاوبەشی خەم و ئازاری خێزان و كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالین.
 
مسعود بارزانی
14ی نیسانی 2026