کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان: ئێران بە درۆن هێرشی کردە سەر کەمپێکمان و سێ پێشمەرگە برینداربوون

رووداو دیجیتاڵ

سکرتارییەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێ، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردووەتە سەر یەکێک لە کەمپەکانیان لە سوورداش لە پارێزگای سلێمانی و لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگە بریندار بوون.
 
سکرتارییەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026،بڵاویکردەوە: "بەداخەوە لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا سێ پێشمەرگە بریندار بوون کە تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە."
 
پێش ئەم راگەیێندراوە، ئەمجەد حوسێن پەناهی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "ئەم ئێوارەیە بە درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی سوورداش لە سنووری قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی."
 
ئەمجەد حوسێن پەناهی گوتی: "لە ئەنجامی هێرشەکەدا سێ کەس بریندار بوون و برینی دوو لە بریندارەکان سەختە و بۆ نەخۆشخانە گوێزراونەتەوە."
 
کەمپی سوورداش، کەمپی هاوبەشی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە.
 
هەر ئەمڕۆ کاوە بەهرامی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ بە درۆنێک هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادی لە کۆیە."
 
بە گوتەی کاوە بەهرامی، "هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە؛ تەنیا زیانی مادی لێکەوتووتەوە."
 
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەر ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026،  بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ئێوارەیە دوو درۆن بە ئاسمانی ئیدارەکەماندا تێپەڕین."
 
بە گوتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، درۆنەکان لە سنووری قەزای خەلیفان خراونەتە خوارەوە. 
 
دژەتیرۆری کوردستانیش لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاژێر 05:04ـی ئێوارە، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستەی پارێزگای هەولێر کرابوون، لەلایەن فڕۆکەی جەنگییەوە تێکشکێندران و خرانە خوارەوە.