وەزارەتی ناوخۆ: بە چوار درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ سێشەممە بە چوار درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایەسەر هەرێمی کوردستان. ئەمەش دووەمجارە لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران، هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆ کە رۆژی 14ـی نیسانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، هێرشەکان لە چەند کاتێکی جیاوازدا و لە رێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراون.
وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیێندراوەکەیدا جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "هەرگیز بەشێک نەبووە لە هیچ شەڕ و ململانێیەک."
هەروەها وەزارەتی ناوخۆ داوای لە لایەنەکان کردووە چی دیکە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ئارامیی هاووڵاتییان نەکەنە ئامانجی هێرشەکانیان.
راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە، ئەم ئێوارەیە سکرتارییەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر یەکێک لە کەمپەکانیان لە سوورداش لە پارێزگای سلێمانی و لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگە بریندار بوون.
کەمپی سوورداش، کەمپی هاوبەشی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە.
هەر ئەمڕۆ کاوە بەهرامی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ بە درۆنێک هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادی لە کۆیە."
هاوکات هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەر ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ئێوارەیە دوو درۆن بە ئاسمانی ئیدارەکەماندا تێپەڕین."
بە گوتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، درۆنەکان لە سنووری قەزای خەلیفان خراونەتە خوارەوە.
دژەتیرۆری کوردستانیش لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاژێر 05:04ـی ئێوارە، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستەی پارێزگای هەولێر کرابوون، لەلایەن فڕۆکەی جەنگییەوە تێکشکێندران و خرانە خوارەوە.