جەمال کۆچەر: تاوەکو 6 مانگی دیکە دابینکردنی مووچە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کێشەی نابێ
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەو شەڕەی لە ناوچەکەدا هەیە، کاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر 8 سێکتەری جیاوازی عێراق هەبووە. ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو 6 مانگی دیکە کێشەی دابینکردنی مووچە لە عێراق و هەرێمی کوردستان نابێت.
رۆژی سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، د. جەمال کۆچەر لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو دا کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "شەڕەکە کاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر 8 سێکتەری عێراق هەبووە، چونکە ئێمە زۆر نزیکین. هەر بەرمیلێک نەوت کە نەفرۆشرێ، عێراق 100 دۆلار زیان دەکات. راستە ئەمڕۆ نرخی گاز زیادبووە، بەڵام فرۆشتنی کەمی کردووە، بۆیە رۆژانە لانیکەم 300 ملیۆن دۆلار زیانی ئەو سێکتەرەیە، ئەمە جگە لەو زیانانەی لە وەستانی کارگەکان و خەرجیی کۆمپانیاکان دەکەوێ."
لەبارەی سێکتەرەکانی دیکە، د. جەمال کۆچەر گوتی: "سێکتەری رێگەوبان و بازرگانیمان هەیە. 22 دەروازەی سنووریمان هەیە و ئەمڕۆ هەموویان لە مەترسیدان. ئەوانیش هەندێک کێشەیان بۆ دروستبووە، وەک سیستمی (ئەسیکۆدا)، پێناسەی گومرگی، گرانبوونی کەلوپەل. هەروەها بابەتی وەستانی وەبەرهێنان، چ بیانی بێت یان نێوخۆیی، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر حکومەت و وەستانی پڕۆژەکان هەبووە کە نزیکەی 6 هەزار و 300 پڕۆژەی کۆن و نوێ وەستاون."
ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و نرخی زێڕ کاریگەریی راستەوخۆیان هەبووە و بەراورد بە پێش شەڕ، زۆر بەرز و نزمییان کردووە، ئەوەش پارەی بێبەها کردووە و خستنەڕوو کەمبووەتەوە. هەروەها جەنگ کاریگەری لەسەر کەلوپەل هەبووە و لە هەموو جیهان و ناوچەکەدا پێداویستییەکان 30٪ گران بوون، بەوەش هەژاری بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت."
لەبارەی بودجەی عێراقەوە، جەمال کۆچەر دەڵێ: "گوشار لەسەر بودجەی حکومەتی عێراق دروستبووە، چونکە ئەگەریش حکومەت پێکبهێندرێ، لەبەر بێ پارەیی رووبەڕووی دوو دۆخ دەبینەوە. یان بودجەمان نابێت و بەرەو یاسایەکی فریاگوزاری دەچین، یان کورتهێنانێکی زۆر دەبێت و زۆرینەی بۆ بەکاربردن دەبێت. دوایین کاریگەریش دەروونی و کۆمەڵایەتییە."
تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی زیانەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران رانەگەیێندراون. جەمال کۆچەر لەوبارەیەوە گوتی: "هیچ داتایەک لەبارەی زیانەکان نییە، چونکە حکومەت هیچ دامودەزگایەکی شەفافی نییە کە ئامارەکان رابگەیێنێت. پێش ئێستاش قەیرانێکی دژوارمان لەبەر بودجەی سێ ساڵە هەبوو. نزیکەی 33 تریلیۆن دیناری وەبەرهێنەران و بەڵێندەران لای حکومەتە و ئەم قەیرانەشی هاتووەتە سەر."
لەبارەی مووچە، د. جەمال کۆچەر دڵنیایی دا: "عێراق تاوەکو 6 مانگی دیکە دەتوانێت بێ دواکەوتن مووچە بدات، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ئەمەش لەبەر دوو هۆکار. یەکەم، کاریگەریی ئەم شەڕە دوای دوو مانگی دیکە لەسەر عێراق دیار دەبێت، چونکە ئێستا پارەی ئەو مانگانە وەردەگرین کە پێش قەیرانەکە نەوت و گازمان فرۆشتووە و تاوەکو دوو مانگی دیکەش ئەگەری هەیە دۆخی بازاڕ ئاسایی بێتەوە. هۆکاری دووەم، دەوڵەتی عێراق دەتوانێت زۆر کار بکات کە کاریگەرییەکە دیار نەبێت. بۆ نموونە چاپکردنی پارە. دووەم، دەتوانێت قەرز لە بانکەکان بکات یان یەدەگی بانکی رابکێشێت. پێشتر 121 ملیار دۆلار یەدەگمان هەبوو، دواتر بووە 109 و ئێستا بووەتە 97 ملیار دۆلار، واتە بەردەوام دەستی بۆ دەبردرێ."
جەمال کۆچەر باسی لە مووچەی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند: "پێشبینی دەکەم کێشەی مووچەمان نابێت. مووچەی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دوو مەرجەوە. یەکەم، ئەگەر هەناردەی نەوت بەردەوام بێت. دووەم، ئەگەر داهاتی نانەوتی (120 ملیارەکە) بنێردرێ، چ بە تهواوی بێت یان بە مەقاسە و لێبڕین بێت، ئەگەر ئەمانە بەردەوام بن تاوەکو بودجەی نوێ دێت، هیچ کێشەیەک بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دروست نابێت."