لە کەرکووک پۆستی پارێزگار دەگۆڕدرێت؛ پۆستەکە دەدرێتە تورکمان؟
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی رێککەوتنێکی نوێی سیاسی، بڕیارە لە ماوەی کەمتر لە 15 رۆژدا گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی خۆجێیی کەرکووک بکرێت و پۆستی پارێزگار لە یەکێتییەوە بگوازرێتەوە بۆ پێکهاتەی تورکمان.
بۆ ئەم مەبەستە و جیا لە کۆبوونەوەکانی پێشتر، رۆژی سێشەممە زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی چڕ لە سلێمانی و بەغدا لەنێوان لایەنەکاندا ئەنجامدراون بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی ئاڵوگۆڕی پۆستەکان.
ئەحمەد رەمزی، ئەندامی فراکسیۆنی تورکمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: "ئەمڕۆ دیدار و کۆبوونەوەی کوتلە سیاسییەکان لە بەغدا و کەرکووک بەردەوام بووە لەپێناو جێبەجێکردنی ئاڵوگۆڕی پۆستەکان، بەڵام تائێستا بە فەرمی یەکلایی نەبووەتەوە."
هاوکات سەوسەن جەدوع، ئەندامێکی دیکەی هەمان فراکسیۆن، ئاماژە بەوە دەکات سەرکردەی کوتلە سیاسییەکان لەسەر پرسی ئاڵوگۆڕەکە رێککەوتوون.
لەلایەکی دیکەوە، رێبوار تەها، پارێزگاری ئێستای کەرکووک، لە رێوڕەسمی یادی ئەنفالدا لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو سەبارەت بەم ئاڵوگۆڕە، هەواڵەکەی رەتنەکردەوە، بەڵام گوتی: "هێشتا هیچ شتێکی فەرمیمان پێنەگەیشتووە."
هەرچەندە رێککەوتنەکە لەسەر ئاستی باڵا کراوە، بەڵام لەناو یەکێتیدا رای جیاواز دروستبووە. نەشئەت شاهوێز، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی و ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا، تێبینی و بۆچوونی جیاوازیان لەسەر شێوازی رادەستکردنی پۆستەکە هەیە.
زانیارییەکانی رووداو ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، گەرچی لە رێککەوتنی سەرەتای پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووکدا بڕیاربوو ئەگەر یەکێتی پۆستی پارێزگار رادەست بکات، چەندین پۆستی دیکە وەربگرێت، بەڵام رێککەوتنە نوێیەکە تەنیا پۆستی پارێزگار دەگرێتەوە و تەنانەت پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاش لای پێکهاتەی عەرەب دەمێنێتەوە.