پێشبینیی کەشناسی: لە ئەمڕۆوە کەشەکە بەهارییە و دەتوانن بچنە سەیران
رووداو دیجیتاڵ
دوای چەند شەپۆلێکی یەک لەدوای یەکی بارانبارین لە باشووری کوردستان، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە تاوەکو شەممە "هیچ" شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکە ناگرێتەوە. کەشناسێک دەڵێت، کەش لەبارە بۆ گەشت و سەیران.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت. ئێوارە لە هەندێک ناوچەی شاخاوی ئەگەری بارانی کورتمەدا هەیە."
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەمڕۆی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت لە ئەمڕۆوە تاوەکو شەممە "هەرێمی کوردستان لەژێر کاریگەری هیچ شەپۆلێکی باراندا نەبێت."
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسیی رایگەیاند، "ئاسمان بەگشتی ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت."
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئەمڕۆوە کەشوهەوا بۆ چەند رۆژێک تەواو لەبار و خۆش دەبێ بۆ چوونە گەشت و سەیران."
موفتی پێشبینی کرد، سەرەتای هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی "بەهێز"ـی بارانبارین باشووری کوردستان بگرێتەوە.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی پلەی گەرما بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 20 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 18 پلەی سیلیزی
دهۆک: 19 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 21 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 20 پلەی سیلیزی
پیرمام: 16 پلەی سیلیزی
سۆران: 16 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 10پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 19 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 19 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 23 پلەی سیلیزی