سێ عەرەبی کەرکووک لەسەر 1000 دۆنم زەوی سکاڵا لەسەر دوو جووتیاری کورد تۆمار دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

سێ هاووڵاتیی عەرەب لە کەرکووک سکاڵا لەسەر دوو جووتیاری کورد تۆمار دەکەن بۆ وەرگرتنەوەی هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی، کە گوایە بەهۆی گۆڕانى رێڕۆی زێی بچووک زەوییەکانیان ژێرئاوکەوتوون و دەیانەوێت لە زەویی ئەو جووتیارە کوردانە وەریبگرنەوە.
 
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو سێ جووتیارە عەرەبە لە دادگەی دووبز سکاڵایان لەسەر دوو جووتیارە کوردەکە تۆمار کردووە و داوای نزیکەی هەزار دۆنم زەویی ئەو جووتیارانە دەکەن.
 
سێ جووتیارە عەرەبەکە خەڵکی گوندی مەلحە-ن لە سنووری دووبز و جووتیارە کوردەکانیش لە گوندی جێسمە-ن لە سنووری ناحیەی سەرگەڕانن، ئاوی زێی بچووک بە نێوان هەردوو گوندەکەدا دەڕوات و بەهۆی گۆڕانی رێڕۆی ئاوەکە بەپێی تێپەڕبوونی کات، وای کردووە بچێتە سنووری زەویی عەرەبەکان و زەویی گوندە کوردییەکە زیاد بکات.
 
محەممەد ئەمین رایگەیاند، "گۆڕانی رێڕەوی ئاوەکە بە ئاراستەی زەوییە عەرەبییەکە رۆیشتووە، ئەو زەوییانەی داوای دەکەن لە ساڵی 1963ـەوە بەهۆی دەرکردنی جووتیارانی کورد لێیان داگیرکراوە و دراون بە عەرەبەکان و لە ساڵی 2003 گەڕاونەتەوە سەر زەوییەکانیان."
 
زەوییەکانی ئەو ناوچە کوردستانییە لە کاتی هەڵمەتی بەعەرەبکردن لە کورد وەرگیراوەتەوە و دراوە بە عەرەبە هاوردەکان، لەدوای ساڵی 2003 بەشێک لە هاووڵاتییانی کورد گەڕاونەتەوە سەر زەوییەکانیان.