یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان: ئەو مامۆستایەی دەرگای زانکۆی سلێمانیی قوفڵدا دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەو مامۆستایەی لە خۆپێشاندانی مامۆستایانی سلێمانی، دەرگای زانکۆی سلێمانیی قوفڵدا، لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیرکرا.
رۆژی شەممە 14ی ئایاری 2022 مامۆستا عەتا ئەحمەد، جێگری یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن کەسوکارەکەیەوە ئاگادارکراینەوە، کە مامۆستا زەنگین ئەبوبەکر لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە لە سلێمانی دەستگیرکراوە.
جێگری یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە سەرکۆنەی ئەو دەستگیرکردنە دەکەین و نابێت هیچ هێزێکی ئەمنی ئەو کارە بەرامبەر مامۆستا بکات."
مامۆستا عەتا ئەحمەد لەبارەی ئەو ئەو کارەی کە مامۆستا زەنگین کردوویەتی دەڵێت، "کاردانەوە بووە بەرامبەر دواخستنی مووچە و شایانی ئەوە نییە دەستگیر بکرێت، هەروەها لەگەڵ ئەوەشدا نیین دەرگای زانکۆ دابخرێت."
لە خۆپێشاندانی رۆژی شەممەی مامۆستایانی سلێمانیدا، مامۆستا زەنگین ئەبوبەکر، مامۆستای زانکۆی سلێمانی، وەکو ناڕەزایەتییەک دەرگای زانکۆکەی قوفڵدا.