هاتووچۆی گەرمیان: ئۆتۆمبێلێک دەستی شکاندووەتەوە سەر ئەو پاسەی 4 قوتابی تیایدا گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی وەرگەڕانی پاسەکەیان لە رێگەی کفری - کەلار، چوار قوتابی گیانیان لەدەستدا. پەروەردەی کەلار لیژنەیەکی بۆ هۆکاری رووداوەکە پێکهێناوە. گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان دەڵێت، "ئۆتۆمبێلێک دەستی شکاندووەتەوە سەر پاسەکە."
 
حەوت کەس لە رووداوەکەدا بریندار بوون، لەنێویاندا مامۆستایەک و شۆفێری پاسەکە هەن. دکتۆر رزگار لەتیف، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار، لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی، "چوار قوتابییەکە بە مردوویی گەیێندراونەتە نەخۆشخانە. شۆفێری پاسەکە و مامۆستایەک بەهۆی سەختیی برینەکەیان رەوانەی سلێمانی کراون بۆ چاودێریی ورد."
 

 

 
رووداوەکە لە رێگەی نێوان کەلار - کفری لەنزیک گوندی حەسیرە روویداوە. بەپێی هێڵکاریی پۆلیسی هاتووچۆ، "ئۆتۆمبێلێکی جۆری سێنترا دەستی بەسەر پاسەکەدا شکاندووەتەوە."
 
موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان، لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی، "رێگەکە هۆکار نەبووە و پار تەواو کراوە. لە کاتی وەرگەڕانی پاسەکە هەموو سەرنشینەکان دەرپەڕیون. لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی بەردەوامە و هێڵکارییەکە تەواو نەبووە."
 
 
قوتابییەکان پۆلی 10 و 11ی زانستین، لە قوتابخانەی باکووری کچان لە کەلار دەخوێنن. بە گوتەی باوکی یەکێک لە بریندارەکان، کەسوکاریان لە گەشتەکە ئاگادارن.
 
پەروەردەی کەلار دڵنیا نییە لە بوونی مۆڵەتی ئەو قوتابخانەیە بۆ ئەنجامدانی گەشتی زانستی. ئارام رەحیم، گوتەبێژی پەروەردەی کەلار دەڵێت، "ئەگەر مۆڵەتیان نەبێت، ئیجرائات دەکەین".
 
ئارام رەحیم لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتیشی، "رێککارەکان تووندتر دەکەین. وێنەی مۆڵەتی شۆفێریی پاسەکان وەردەگرین. مەرجەکان تووندتر دەکەین. لیژنەیەکمان بۆ رووداوەکە پێکهێناوە و دوای ئەنجامەکان، بڕیار دەدەین."
 
 
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئامادەی هەموو هاوکارییەکین بۆ چارەسەرکردنی برینداران."
 
لوقمان سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی گەرمیان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبەردەم نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار رایگەیاند، دوو لەو کچانەی ئەمڕۆ لە رووداوەکەی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا، دووانەن.
 
 
باوکی دووان لەو قوتابییانەی کە لە رووداوە هاتووچۆکەدا گیانیان لەدەستدا، لەنێوان تەرمی هەردوو کچەکەیدا بەکوڵ دەگریا، کە دوای کۆچی دوایی دایکیان، 12 ساڵە بۆیان بووەتە دایک و باوکیش.
 
دالیا و کەوسەری دووانە تەمەنیان 17 ساڵان بوو، ئەحمەد لەتیفی باوکیان دەڵێت، "هێمن و ئاقڵ بوون لە ماڵەوە، نوێژیان دەکرد و پەرەیان بە خوێندنەکەیان دەدا، تاوەکو ئێستا مۆبایلیان نەبوو و هەموو شتێکیان پێکەوە بوو."
 
 
محەممەد ئازاد، قوتابی و شایەتحاڵی رووداوەکە دەڵێت، "جەماعەتێک سەیارەیەکیان پێبوو، بەدوای سەیارەکانەوە بوون، کە رۆیشتنە پێش کەیەکە، شکاندیانەوە بەسەریا و کەیەکە لەدەستی دەرچوو و وەرگەڕا، سەیارەکە 11 نەفەری تێدابوو، هەموویان لە جامەوە دەرچوون تەنیا شۆفێرەکەی تێدا مایەوە."