پۆلیسی گەرمیان: دوو لەو کچانەی لە رووداوەکەی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا، دووانەن

رووداو دیجیتاڵ

لوقمان سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی گەرمیان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبەردەم نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار رایگەیاند، دوو لەو کچانەی ئەمڕۆ لە رووداوەکەی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا، خوشکن و دووانەن.
 
لوقمان سابیر گوتی ئەو خوێندکارانە "چوون بۆ گەشتی زانستی. لەئەنجامی رووداوی هاتووچۆکەش، بەداخەوەین کە چوار خوێندکاری کچ گیانیان لەدەستدا."
 
سەبارەت بە بریندارەکان، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی گەرمیان ئەمەی گوت "یەک، دووانی دیکەش بریندارن، بەڵام ئەوان رەوشیان باشە. شۆفێرەکە دۆخی تەندروستیی خراپە و مامۆستاشیان لەگەڵ بووە، کە دۆخی تەندروستیی ئەویش باشە."
 
 
سەبارەت بەو دوو خوشکە دووانەیەی گیانیان لەدەستداوە، رایگەیاند "بەداخەوە بەیەکەوە لەدایکبوون و بەیەکەوەش مردن."
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لەبارەی هۆکاری رووداوە سەختەکەی هاتووچۆ، لوقمان سابیر ئەوەی خستەڕوو؛ دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
 
 

 

ئەمڕۆ، (سێشەممە، 14-5-2024) بەهۆی وەرگەڕانی مینی پاسێکی قوتابییان لە گەرمیان، چوار قوتابی گیانیان لەدەستدا و حەوت کەسی دیکەش بریندارن. 
 
موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند مینی پاسەکە لەنزیک گوندی حەسیرە لەسەر رێگەی قەزای کەلار-کفری وەرگەڕاوە.
 
قوتابییەکان قوتابیی ئامادەیی باکوورن لە کەلار، بۆ گەشتی زانستی چوونەتە کفری، لە رێگەی گەڕانەوە، پاسەکەیان وەرگەڕاوە.
 
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی دوای رووداوەکە رایگەیاندووە "ئامادەی هەموو هاوکارییەکین بۆ چارەسەرکردنی برینداران."