لە کەرکووک نزیکەی ملیۆنێک دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە بڕیارێکی بەغدا سوودمەند دەبن
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری جووتیارانی کەرکووک دەڵێت، نزیکەی یەک ملیۆن دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە بڕیاری وەرگرتنی گەنمی سەرجەم جووتیارانی کەرکووک سوومەند دەبن. سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، جووتیاران هەر بەڵگەنامەیەکیان هەبێت، ئەگەر تەمەنی زیاتر لە 50 ساڵیش بێت، کێشە نییە بۆ سەلماندنی خاوەنداریەتیی زەوییەکانیان.
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کەرکووک ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەرچەندە پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دابوو گەنمی دەرەوەی پلانیش بە نرخی فەرمی وەربگرێت، بەڵام جووتیارانی کورد و تورکمانی کەرکووک بەهۆی داواکردنی بەڵگەی یاسایی نوێ بۆ خاوەندارێتیی زەوییە مێژووییەکانیان کە زۆربەیان هێشتا رێکارەکانی گەڕاندنەوەی یاساییان تەواو نەبووە، نەیاندەتوانی سوود لەو بڕیارە وەربگرن".
محەممەد ئەمین دەڵێت، "نزیکەی 90٪ زەوییەکانی کورد و تورکمان کێشەی یاساییان لە رووی تاپۆ یان گرێبەستی کشتوکاڵی هەیە. ئەوەش وای دەکرد حکومەت بە نرخی بازاڕی جیهانی گەنمەکەیان لێ وەربگرێت کە نزیکەی 450 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک دەبوو، لەبری نرخی فەرمی کە نزیکەی 850 هەزار دینارە".
بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، هەفتەی رابردوو جووتیارانی کەرکووک یاداشتێکیان پێشکێشی رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک کرد. پارێزگاریش بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکەی پێدان.
بە گوتەی نوێنەری جووتیارانی کەرکووک، چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە "هەواڵێکی خۆشە" و دەبێتە هۆی سوودمەندبوونی بەرهەمی نزیکەی یەک ملیۆن دۆنم زەوی و دڵنیایی دەداتە جووتیاران کە ماندووبوون و بەرهەمی ساڵێکیان بەفیڕۆ ناچێت و دەتوانن بە نرخێکی شایستە گەنمەکانیان بفرۆشن.
هەر لەو بارەیەوە، عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، کاتێک هەفتەی رابردوو لەسەر پرسی زەوییەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوە، یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکان پرسی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بوو، بەتایبەتی کورد و تورکمان. پارێزگاری کەرکووک بەڵێنی دا بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق کۆببێتەوە.
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ گوتی، هەرچەندە لە پلانی کشتوکاڵی و رادەستکردنی گەنمدا داوای بەڵگەی یاسایی تاپۆ یان گرێبەست کراوە، بەڵام جەختیکردەوە: "جووتیاران هەر بەڵگەنامەیەکیان هەبێت، تاپۆ یان گرێبەست، ئەگەر تەمەنی زیاتر لە 50 ساڵیش بێت، کێشە نییە بۆ سەلماندنی خاوەنداریەتیی ئەو زەوییانە".
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جووتیاران، پارێزگاری کەرکووک سەردانی بەغدای کرد و دوێنێ سێشەممە، 13ـی ئایار لەگەڵ عەباس جەبر مالیکی، وەزیری کشتوکاڵ کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، "لەسەر داوای پارێزگاری کەرکووک، بڕیار درا لە وەرزی دروێنەی ئەم ساڵدا گەنمی هەموو جووتیارانی کەرکووک، بەتایبەت کورد و تورکمان، لە سایلۆکان و بە نرخی حکومەت وەربگیرێت، بەوەش هەزاران جووتیار سوودمەند دەبن و بەروبوومەکانیان ساخ دەکرێنەوە."
سەرەتا ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق بڕیاری دا وەزارەتی بازرگانی تەنیا گەنمى ئەو زەوییانە وەربگرێ کە لە چوارچێوەى پلانى کشتوکاڵیدان، کە بەگوێرەى جۆرەکەى 800 بۆ 850 هەزار دینارە بۆ هەر تۆنێک.
22ـی نیسانی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا هەموو گەنمی جووتیاران وەربگرێت و زەوییەکانی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵیش بە هەمان شێوەی زەوییەکانی نێو پلانی کشتوکاڵ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ لە رووی ماف و شایستەوە.
ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات جووتیاران لە ژمارەیەک پارێزگای نێوەڕاست و باشووری عێراق خۆپێشانیان کرد و داوایان کرد گەنمی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵ وەربگیرێت.