کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان: 65 هەزار ئاوارەی شنگال لە دهۆک تۆمار کراون
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، بەشێکی زۆری پرۆسەی گەمارۆدان و تۆمارکردنی ئاوارەکانی نێو کامپەکانی دهۆک تەواو بووەو ئێستا کار لەسەر کەمپەکانی پارێزگای هەولێر دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی ئایار جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاوارەکانی شنگال، ئەوانەی لە سنووری دهۆک لە دەرەوەی کەمپەکاندا دەژین و تۆمار کراون، ژمارەیان 34 هەزار و 126 کەسە. کۆی گشتیی ئەوانەش لەنێو کەمپەکاندا تۆمار کراون و کاری گەمارۆدانیان تەواو بووە، ژمارەیان 31 هەزار کەسە."
جومانە غەلای ئاماژە بەوە دەکات، "ئاوارەکانی شنگال، ئەوانەی کە لەنێو کەمپەکان یان لە دەرەوەی کەمپەکاندان، دەتوانن لە دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، دەنگ بە بازنەی خۆیان بدەن."
ژمارەی ئەو ئاوارانەی شنگال لەنێو کەمپەکاندا، کە پرۆسەی گەمارۆدان و تۆمارکردنیان تەواو بووە، بەم شێوەیە:
کەمپی باجد کەندلا 1 – 1210 کەس
کەمپی باجد کەندلا 2 – 1356 کەس
کەمپی پێرسڤی 1 – 1049 کەس
کەمپی پێرسڤی 2 – 1301 کەس
کەمپی ئیسیان – 3026 کەس
کەمپی راونکە – 2745 کەس
کەمپی خانکێ – 3269 کەس
کەمپی کەپرتۆ 1 – 3218 کەس
کەمپی کەپرتۆ 2 – 2198 کەس
کەمپی شێخان – 812 کەس
کەمپی ماملیان – 78 کەس
کەمپی شاریا – 2448 کەس
کەمپی داودییە – 342 کەس
کەمپی دەرکار – 489 کەس
کەمپی چامشکۆ – 6046 کەس
کەمپی مام رەشان – 1413 کەس
هەر ئەمڕۆ خالید عەباس، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە رووداوی گوت، "کارکردن لە پرۆسەی گەمارۆدان و تۆمارکردنی ئاوارەکان لە کەمپ و دەرەوەی کەمپەکانی دهۆک بەردەوامە، هەر ئاوارەیەک ناسنامەی سەلماندنی ئاوارەبوونی پێبێت، ئەگەر تۆمار نەکرابێت تۆمار دەکرێت و دواتر گواستنەوەی شوێنی دەنگدانی لە رێگەی پرۆسەی گەمارۆدانەوە بۆ دەکرێت."
ئاوارەکانی شنگال لە پارێزگای دهۆک لە 16 کەمپ و شوێن نیشتەجێکراون و بەشێکیشیان لە دەرەوەی کەمپەکان لە سنووری پارێزگاکە دەژین، کە بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان، ژمارەیان نزیکەی 200 هەزار کەسە.