لە دوو رووداوی هاتووچۆدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 5ی دیکە بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی کەلار - دەربەندیخان و شەقامی کەمپی ماملیان لە ئاکرێ، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 5 کەسی دیکەش بریندار بوون.
جاسم محەممەد، بەڕێوەبەری ھاتووچۆی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 06:00ی بەیانیی ئەمڕۆ، لە رێگەی کەلار – دەربەندیخان، رووداوێکی ھاتووچۆ لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا و بارھەڵگرێک روویدا، کە بەهۆیەوە شۆفێری کیاکە گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون."
جاسم محەممەد گوتیشی، "سێ بریندارەکە سەرنشینی کیاکە بوون، برینەکانیان زۆر سەخت نییە و رەوانەی نەخۆشخانە کراون."
هەر ئەمڕۆ لە ئاکرێش رووداوێکی هاتووچۆ روویدا. رێکەوت زوهێر، گوتەبێژی هاتووچۆی ئاکرێ بە رووداوی گوت، "بەیانیی ئەمڕۆ بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلی جۆری جیتا و هیۆندا لە شەقامی کەمپی ماملیان، کەسێک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون."
گوتەبێژی هاتووچۆی ئاکرێ دەشڵێت، "هۆکاری رووداوەکە بەهۆی تیژڕۆییەوە بووە."
بەپێی ئامارێکی پڕۆژەی سەلامەتیی رێگەوبان، کوالێتی ئۆتۆمبێل و هۆشیاریی هاتووچۆ، ساڵی رابردوو 779 رووداوی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان روویاندا و لە ئەنجامیاندا 98 کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار و 437 کەسیش بریندار بوون.