کشتوکاڵی ئیلام: 127 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری چاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ئیلام دەڵێت، 127 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە، بەڵام هێشتا پارەکەیان بۆ خەرج نەکراوە.
رۆژی چوارشەممە 14ی ئایاری 2025 حوجەت عارف، بەڕێوەبەری چاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، لە سەرەتای وەرزی دروێنەی ئەم ساڵەوە 127 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە.
حوجەت عارف گوتی، تاوەکو ئێستا پارەی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە خەرج نەکراوە، بەڵام لیستی بەشێک لە جووتیاران دراوەتە بانکەکان و بریارە لە داهاتوویەکی نزیکدا پارەی 110 هەزار تۆن لە گەنمی جووتیاران خەرج بکرێت.
بە گوتەی بەڕێوەبەری چاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ئیلام، ئەم ساڵیش وەک پار پارەی گەنمی جووتیاران لە رێگەی بانکەکانەوە خەرج دەکرێت.
ئەسغەر باباخانی، بەڕێوەبەری دانەوێڵەی پارێزگای ئیلامیش دەڵێت، بۆ ئەم ساڵ 22 سایلۆ و ناوەندی حکومی و 17 سایلۆ و ناوەندی سەر بە کەرتی تایبەت، بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ئامادەن.
ئەم ساڵ لە رووبەری 155 هەزار هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای ئیلام گەنم چێندرا کە 65 هەزار هێکتاری بەرئاو و 90 هەزار هێکتاری بە شێوەی دێم بوو.
پێشبینی دەکرێت، ئەم ساڵ بەرهەمی گەنم لە پارێزگای ئیلام لەنێوان 250 هەزار تاوەکو 280 هەزار تۆن بێت.
حکومەتی ئێران بریاری داوە، ئەم ساڵ هەر کیلۆیەک گەنم بە 20 هەزار و 500 تمەن (نزیکەی 25 سەنت) لە جووتیاران بکڕێت. ساڵی رابڕدوو، حکومەت هەر کیلۆیەک گەنمی بە 17 هەزار و 500 تمەن (ئەو کات دەیکردە 24.5 سەنت و ئێستا دەکاتە 21 سەنت) لە جووتیاران کڕی.
بە گوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران، ساڵی 2024 بەرهەمهێنانی گەنم لەو وڵاتە گەیشتە نزیکەی 15 ملیۆن تۆن و حکومەت زیاتر لە 12.5 ملیۆن تۆن گەنمی لە جووتیاران کڕی.