نرخی گازی LPG لە هەولێر دوو هێندە بەرزبووەوە؛ خواست لەسەر بەنزین زیاد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، نرخی گازی شلی (LPG) لە هەولێر 100% بەرزبووەتەوە؛ ئەندامێکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانیش دەڵێت، شۆفێران واز لە گاز دەهێنن و روو لە بەنزین دەکەن، ئەوەش گوشاری لەسەر بازاڕی بەنزین دروستکردووە.
رەشید حەمید، ئەندامی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر لە بەرنامەی (مژار)ـی رادیۆی رووداو رایگەیاند: "پێشتر گازی LPG لە خوارووی عێراق و کێڵگەی کۆرمۆرەوە دابین دەکرا، بەڵام ئێستا تەنیا سەرچاوە کۆرمۆرە و بڕی بەرهەمهێنانیش کەمی کردووە."
بەگوتەی رەشید حەمید، نرخی یەک تۆن گازی شل لە 750 هەزار دینارەوە بۆ یەک ملیۆن و 570 هەزار دینار بەرزبووەتەوە؛ ئێستا یەک لیتر گازی LPG لە بەنزینخانەکان بە 890 بۆ 980 دینار دەفرۆشرێت.
ئەم گرانبوونە وایکردووە ئەو شۆفێرانەی پێشتر سیستمی گازیان بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان بەستبوو، بگەڕێنەوە سەر بەکارهێنانی بەنزین.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە بڕی ئەو بەنزینەی حکومەت بە 750 دینار دابینی دەکات، بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و گوتی: "پێشتر رۆژانە 20 بۆ 25 تانکەر بەنزینی پاڵپشتیکراو بۆ هەولێر دەهات، بەڵام ئێستا بڕەکە بۆ 14 تانکەر کەمبووەتەوە." داواش دەکات وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕی بەنزینە 750 دینارییەکە بۆ 25 تانکەر بەرز بکاتەوە بۆ ئەوەی رێگری لە گرانبوونی زیاتری نرخەکان لە بازاڕدا بکرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکان، هەولێر رۆژانە پێویستی بە زیاتر لە 2.5 ملیۆن لیتر بەنزین هەیە. ئێستا نرخەکان لە بازاڕدا بەم شێوەیەن:
- بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی: 855 بۆ 860 دینار.
- بەنزینی موحەسەن: 1190 بۆ 1210 دینار.
- بەنزینی سووپەر: 1250 دینار بەرەو سەرەوە.