شارەوانیی هەولێر: 8 هەزار فەرمانبەری مادەی 140 زەوی وەردەگرن و بەدوای شوێنی گونجاودا دەگەڕێین
رووداو دیجیتاڵ
ئەو فەرمانبەرانەی میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستانن و کارتی زانیارییان ناوچەکانی مادەی 140ـە، کێشەی وەرگرتنی زەوییان لە هەولێر بۆ دروستبووە؛ بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێریش دەڵێت، "وەک هەموو فەرمانبەرانی دیکە زەوی وەردەگرن."
مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "فەرمانبەرانی میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نیشتەجێی سنووری مادەی 140ـن، وەک هەموو فەرمانبەرانی تری حکومەت مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە و هەوڵەکان بۆ تەرخانکردنی زەوی بۆیان بەردەوامن."
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە لە زۆربەی قەزا و ناحیەکان پڕۆسەکە جێبەجێ کراوە؛ بۆ نموونە فەرمانبەرانی سنووری مەخموور، گوێڕ و دیبەگە لە سنووری شارەوانییەکانی خۆیان زەوییان وەرگرتووە و کێشەیان نەماوە.
مەریوان حاکم هادی گوتی: "کێشەی سەرەکی ئێستا لەو فەرمانبەرانەدایە کە لە ناو سەنتەری هەولێر دەوام دەکەن و کارتی زانیارییان کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی مادەی 140ـە، ئێمە لە هەوڵداین شوێنی گونجاویان بۆ دابین بکەین."
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی پڕۆسەکە، بەڕێوەبەری شارەوانییەکان ئاشکرای کرد کە تاوەکو ئێستا سێ بۆ چوار پارچە زەوی لە دەوروبەری هەولێر پێشنیار کراون، بەڵام بەهۆکاری تەکنیکی رەتکراونەتەوە.
مەریوان حاکم هادی روونی کردەوە: "یەکێک لەو زەوییانە بەهۆی هەبوونی رێڕەوی سروشتیی ئاوی باران رەتکرایەوە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا مەترسیی لافاو بۆ سەر نیشتەجێبووان دروست نەبێت. ئێستا چاوەڕێی دوو بۆ سێ زەوی دیکەین لە نەخشەدانانی ئاوەدانی، بۆ ئەوەی زەوییەکی باشیان بۆ تەرخان بکرێت."
بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە سنووری شارەوانیی هەولێر زیاتر لە هەشت هەزار فەرمانبەری ناوچەکانی مادەی 140 هەن. مەریوان حاکم هادی جەختی لەوە کردەوە کە دەیانەوێت زەوییەک تەرخان بکەن کە "هیچ جیاوازییەک لە نێوان فەرمانبەرانی هەولێر و سنووری مادەی 140 نەبێت."
لەبارەی ئەگەری پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانە لەنێو کەرکووک، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر روونی کردەوە کە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران جەخت لەسەر "شوێنی کارکردن و کارتی زانیاری" دەکاتەوە، بۆیە دەبێت لەو سنوورە زەوییان پێبدرێت کە لێی نیشتەجێن و کاری تێدا دەکەن.