تەرمی سێیەمی رووداوەکەی گەلی عەلی بەگ دۆزرایەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای نزیکەی دوو هەفتە لە گەڕان، تەرمی سێیەمی رووداوەکەی گەلی عەلی بەگ دۆزرایەوە.
 
رەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ پینجشەممە، تەرمی (ئادەم خورشید) دۆزرایەوە کە سێیەم قوربانیی بێسەروشوێن بووی رووداوەکەی گەلی عەلی بەگ بوو.
 
تەرمی ئادەم، لە نزیک گوندی قەندیل لە رێگەی سەرەکیی ئاکرێ دۆزراوەتەوە.
 
 شەوی هەینی، 1ـی ئایاری 2026، نزیک کاژێر 10:00ی شەو لەسەر رێگەی هامڵتن و لە نزیک (کانی ماران) لە گەلی عەلی بەگ، ئۆتۆمبێلێک کۆنترۆڵی لەدەستدا و بەرەو رووبارەکە هەڵدێرا.
 
شۆفێرەکە و ژنێک رزگاریان بوو، بەڵام سێ هاونیشتمانی دیکە بە ناوەکانی ئادەم خورشیدی تەمەن 3 ساڵ، لاوەند خورشیدی تەمن 7 ساڵ و مینا عیسای 17 ساڵ لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکە نووقم بوون.
 
دوای چوار رۆژ لە گەڕان، لە رۆژی 05ـی ئایاری 2026، تەرمی  لاوەند خورشید دۆزرایەوە. هەروەها دوای 11 رۆژ لە گەڕان، تەرمی مینا عیسا دۆزرایەوە، ئەمڕۆش 14ی ئایار، تەرمی ئادەم خورشید دۆزراوەیەوە.