40 مەتریی سۆران کرایەوە؛ بەرزترین پرد لەسەر ئاستی عێراق تێیدا دروستکراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەردی بناخەی پڕۆژەکە دوو ساڵ لەمەوبەر دانرا و دواجار زووتر لە ماوەی دیاریکراوی خۆی، شەقامی 40 مەتریی سۆران بە رووی هاونیشتمانیان و شۆفێراندا کرایەوە.
 
ئەم شەقامە تەنیا رێگەیەک نییە، بەڵکو وێڕای بەستنەوەی سەنتەری قەزای سۆران بە دوو قەزای دەوروبەری، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و بەرچاوی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی قەرەباڵخی و جەنجاڵیی ناوشار. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی کردنەوەی پڕۆژەکەدا جەختی لە گرنگیی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییەکان کردەوە.
 
پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆیی و بە ستانداردی بەرزی جیهانی دروست کراوە. کانیوار جەمال، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە ئاماژەی بەوە کرد کە درێژیی ئەم جووتسایدە 3200 مەترە و هەر سایدێکی لە 3 لا (لاین) پێکدێت. یەکێک لە دیارترین بەشەکانی ئەم پڕۆژەیە، بوونی بەرزەپردێکی 32 مەترییە کە بە بەرزترین پرد لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق دادەندرێت.
 
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند کە زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێل و بەرتەسکیی شەقامەکان ببوونە هۆی خنکانی هاتووچۆ لە ناوچەکە، بەڵام تەواوبوونی ئەم شەقامە کۆتایی بەو کێشەیە دەهێنێت.
 
ئەم بەشەی کە ئێستا کراوەتەوە، 3200 مەترە لە کۆی 4300 مەتری پڕۆژەکە. بۆ دەستپێکردنی بەشی تەواوکاریی جووتسایدەکە، چاوەڕێی باشتربوونی دۆخی دارایی دەکرێت تاوەکو پڕۆژەکە بەتەواوی کۆتایی بێت.