ئەشواق جاف: رێککەوتن لەسەر مووچە کراوە و بووەتە بەشێک لە کارنامەی حکومەتی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا گوتی: نەدانی متمانە بە رێباز حەملان کارێکی "بەرنامەبۆداڕێژراو" بووە و دەڵێت، بە چاوی خۆی بینیویەتی کە نامە بۆ مۆبایلی پەرلەمانتاران نێردراوە و تێیدا ئەو بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل تۆمەتبار کراوە، ئاماژە بەوەش دەکات کە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لە کارنامەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی جێگیر کراوە.
ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "بە پلانی پێشوەختە رێباز حەملان دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا. من بەچاوی خۆم بینیم کە نامە بۆ پەرلەمانتاران نێردرابوو تاوەکو دەنگ بە رێباز حەملان نەدەن."
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاشکراشی کرد کە رێباز حەملان "بە ئەندازیاری پەیوەندییەکانی پارتی لەگەڵ ئیسرائیل تۆمەتبارکرابوو، لەکاتێکدا نە پارتی و نە بەربژێرەکەی پارتی بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئیسرائیل نییە و ئەوە تەنیا وەکو هۆکارێک بۆ دوورخستنەوەی لە وەرگرتنی پۆستی وەزاریی بەکارهێنراوە.
جەختیشی کردەوە کە پەرلەمانتارانی پارتی دەنگیان بە هەموو بەربژێرەکان داوە.
"کابینەی زەیدی و ئاڵنگارییەکان"
لەبارەی شەرعییەتی حکومەتەکەی عەلی زەیدی، ئەشواق جاف ئاماژەی بەوە کرد کە کابینەکە متمانەی وەرگرتووە و هیچ گرفتێکی شەرعییەتی نییە، بەڵام متمانەدان بە وەزیرەکانی دیکە دەکەوێتە دوای جەژن.
ئەشواق جاف عەلی زەیدی بە "کەسێکی خاوەن بڕیاری بەهێز" وەسف دەکات و دەڵێت: زەیدی پشتیوانی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی هەەیە.
گوتیشی: لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ترسی قەیرانی دارایی عەلی زەیدییان بەربژێر کردووە، چونکە قەیرانێکی ئابووری گەورە روو لە عێراق دەکات، ئەمەش ئاڵنگارییەکی گەورە دەبێت لەبەردەم حکومەت و لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی چاویان لەوەیە عەلی زەیدی ئەزموونی بازرگانیی خۆی بەکاربهێنێت بۆ قووتارکردنی عێراق لە قەیرانی دارایی، یان بچووککردنەوەی قەبارەی قەیرانەکە.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، خاڵێکی بنچینەیی کارنامەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی پرسی گرووپە چەکدارەکانە و دەڵێت: گرووپە چەکدارەکان بوون بە گرفتێکی گەورە بۆ دەوڵەت، هەڵوەشاندنەوەشیان کارێکی ئاسان نییە، بەڵام لە کارنامەی حکومەتدا ئاماژەیان پێدراوە و هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانیش بنەمایەکی سەرەکی پاڵپشتیی نێودەوڵەتییە بۆ حکومەتەکەی زەیدی.
ئەشواق جاف دڵنیایی دایە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و رایدەیاند: "پرسی مووچەی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی لەبارەوە کراوە و یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتنەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەغدا، چارەسەرکردنی پرسی مووچە بووە و لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنەش پرسی مووچەی هەرێمی کوردستان بووەتە بەشێک لە کارنامەی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق.
رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 270 پەرلەمانتار کارنامەی کابینەی نوێی حکومەتی بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی پەسندکرد و متمانەی بە 14 وەزیری کابینەکەی بەخشی و 4 بەربژێریش دەنگی پێویستیان بەدەستنەهێنا بۆ بوون بە وەزیر لە کابینەکە کە پێکهاتبوون لە رێباز حەملان بۆ وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەحمەد عەزاوی بۆ وەزیری پلاندانان لە پشکی هاوپەیمانی عەزم، عامر خوزاعی بۆ پۆستی وەزیری خوێندنی باڵا لە پشکی دەوڵەتی یاسا و سەفا کەنانی بۆ پۆستی وەزیری وەرزش و لاوان لە پشکی رەوتی حیکمە.
هاوکات دەنگدان بە وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، رۆشنبیری، کۆچ و کۆچبەران، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دواخراون بۆ دوای پشووەکانی جەژنی قوربان و گەڕانەوەی پەرلەمانتاران لە حەج و دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق.