یەکگرتوو، کۆمەڵ و هەڵوێست بۆ دەنگدان لە بارەی متمانەدان بە حکومەتی عێراق کۆدەبنەوە

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە کاژێر 04:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بە کابینە وزارییەکەی عەلی فالح زەیدی کۆببێتەوە، بەڵام سێ لایەنی کوردی کە خاوەنی 10 کورسین، مەرجی وەرگرتنی وەزارەتێک و جێکردنەوەی داواکارییەکانیان لە کارنامەی حکومەتدا دەستنیشان دەکەن، بۆ ئەوەی دەنگ بە کابینەکە بدەن.
 
رۆژی پێنجشەممە 14ـی ئایاری 2026، موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا بڕیارمان نەداوە کە ئایا بەشداری لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە کابینەکەی عەلی فالح زەیدی دەکەین یاخود نا."
 
هەریەک لە رەوتی هەڵوێست، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری پێکەوە 10 کورسییان هەیە
 
لەبارەی هەڵوێستیان بۆ بەشداریکردن لەو حکومەتە نوێیە، موسەننا ئەمین باسی لەوەکرد، کە دوو مەرجی سەرەکییان هەیە:
 
یەکەم: دەبێت کارنامەی حکومەت بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستانی تێدا بێت و ئەو خاڵ و سەرنجانەی پێشکەشیان کردووە جێگیر بکرێن.
 
دووەم: وەک سێ فراکسیۆنی (یەکگرتوو، کۆمەڵ و هەڵوێست) کە خاوەنی 10 کورسین، دەبێت ئیستحقاقی خۆیان وەک یەک وەزارەت پێبدرێت.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو گوتی: "بڕیارە کاژێر 03:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەرسێ فراکسیۆنی یەکگرتوو، کۆمەڵ و هەڵوێست لە بەغدا کۆببینەوە بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر بەشداریکردن یان بایکۆتکردنی دانیشتنەکە بدەین".
 
بەگوێرەی بەرنامەی کاری سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، دانیشتنەکە کاژێر 04:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە (14ـی ئایار) بەڕێوەدەچێت.
 
عەلی فالح زەیدی، کە لە 27ـی نیسانی رابردوو لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ راسپێردرا، تەنیا 30 رۆژی لەبەردەم بوو بۆ پێشکەشکردنی کابینەکەی.
 
عەباس عامری، ئەمینداری چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند، لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا لە کۆی 23 وەزارەت دەنگ بە 19 وەزارەت دەدرێت، کە یەکێکیان وەزارەتی نەوتە.
 
پشكی پێکهاتەی کورد لە حکومەتی عێراق چوار وەزارەت و جێگری سەرۆکوەزیرانە، دوو وەزارەت و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ پارتی و دوو وەزارەتیش بۆ یەکێتی، کە یەکێتی یەکێک لە وەزارەتەکانی دەداتە نەوەی نوێ.