لە سلێمانی بەرهەمهێنانی کارەبای سۆلار گەیشتووەتە 91 مێگاوات

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی راگەیاند، بەکارهێنانی سیستمی وزەی خۆر (سۆلار) لە سنووری پارێزگاکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و تەنیا لە  دوو مانگی رابردوودا، 600 هاوبەشی نوێ سیستمەکەیان داناوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی دواین ئامار کە تاوەکو 10ـی ئەم مانگە (ئایار) تۆمارکراوە، لە ماوەی تەنیا دوو مانگدا 600 هاوبەشی نوێ لە سنووری پارێزگای سلێمانی سیستمی سۆلاریان داناوە، ئەمەش نیشانەی زیادبوونی هۆشیاریی هاووڵاتییانە بۆ رووکردنە وزەی نوێبووەوە."
 
بەپێی ئامارەکانی بەشی وزە نوێبووەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی، کۆی گشتیی ئەو هاوبەشانەی تاوەکو ئێستا سیستمەکەیان داناوە گەیشتووەتە 3 هەزار و 746 هاوبەش.
 
 
لەبارەی بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی ئەو سیستمەوە، گوتەبێژی کارەبای سلێمانی گوتی:"ئێستا بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر گەیشتووەتە 91.6 مێگاوات کارەبا".
 
داتاکانی کارەبای سلێمانی وردەکاریی جۆری ئەو هاوبەشانە دەخەنەروو کە سیستمی سۆلاریان داناوە و بەم شێوەیەیە:
 
3,099 هاوبەشی ماڵان.
525 هاوبەشی بازرگانی.
100 هاوبەشی کشتوکاڵی.
15 هاوبەشی پیشەسازی.
7 هاوبەشی میری (حکومی).
 
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ئاسانکاری بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەکات سیستمی پێوەرە زیرەکەکەی بەستووەتەوە بە سۆلارەوە؛ بە جۆرێک ئەگەر هاوبەشێک کارەبای زیادە بەرهەم بهێنێت و بیخاتە نێو تۆڕی نیشتمانییەوە، تێچووی کارەبای بە شێوەی "لەبری" (مقاصة) لەسەر پسوولەکەی کەم دەبێتەوە.