نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدا دەکات و لە دانیشتنی پەرلەمان ئامادە دەبێت

رووداو دیجیتاڵ   

ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەکەی عەلی زەیدی ئامادەبێت.
 
سەفوان گەرگەری، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێرق ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بە کابینەکەی عەلی فالح زەیدی بانگهێشتکراوە و ئامادەبێت".
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "سه‌ردانەکە به‌مه‌به‌ستى به‌شداريكردنه‌‌ لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا بۆ متمانەدان بە کابینەی وه‌زاریی بەڕێز (عەلی فالح زەیدی)."
 
بەگوتەی ئەمینداری پەرلەمانی عێرق، ئامادەکارییەکان بۆ دانیشتنی پەرلەمان تەواو بووە و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق لە دانیشیتنەکەدا بەشدار دەبن و بڕیارە 18 وەزارەت دەنگیان لەسەر بدرێ و پەسند بکرێن.
 
هەر لەوبارەوە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەکەی عەلی زەیدی ئامادەبێت.
 
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، رۆشنبیری، کار و باروباری کۆمەڵایەتی و کۆچ و کۆچبەران، لەگەڵ هەر چوار جێگرەکەی سەرۆکوەزیران لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دەنگیان لەسەر نادرێ و دوا دەخرێن.
 
 هەروەها دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەربژێری پارتی بۆ وەزارەتی دەرەوە فوئاد حوسێن و بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رێباز حەملانە و ئەمڕۆ دانگیان لەسەر دەدرێ.
 
بڕیارە  کاژێر 04:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە بۆ دەنگدان بە بەرنامەی حکومەت و حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی.