مەلا مەزهەر بەهۆی بچووکی مزگەوتەکەی لە گوتاردان دووردەخرێتەوە
رووداو - هەولێر
بۆ خۆپارێزیی لە کۆرۆنا و بە بڕیاری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، گوتاری هەینی لە سەرجەم ئەو مزگەوتانە راگیراوە کە رووبەریان بچووکە. بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێرش دەڵێت، دوورخستنەوەی مەلا مەزهەر لە چوارچێوەی ئەو بڕیارەدایە و "دوورخستنەوەکەیشی کاتییە".
مەلا مەزهەر خۆراسانی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی حاجی حەمەدئەمین نانەوا لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە وەزارەتی ئەوقافەوە بانگیانکردم و ئاگاداریان کردمەوە کە چیدی نابێ گوتار بخوێنمەوە، بیانووەکەشیان ئەوەبوو کە مزگەوتەکەم بچووکە".
مەلا مەزهەر لە دوورخستنەوەی لە گوتاردان خاوەن ژمارەیەکی پێوانەییە و تائێستا 19 جار دوورخراوەتەوە، وەک خۆی دەڵێت: "ریکۆردێکم شکاندووە کەس نەتوانێت بمگرێتەوە، نازانم ئەم هەموو ستەمە لە پای چی لە من دەکرێ".
سەید سدیق کەپرانی، بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، گوتاری هەینی لە سەرجەم ئەو مزگەوتانە راگیراوە کە رووبەریان بچووکە، ئەمەش بۆ خۆپارێزییە لە کۆرۆنا و بە رێنمایی وەزارەتی تەندروستییە، راگیرانی مەلا مەزهەریش بەشێوەیەکی کاتییە وەکو ئەو دەیان مامۆستا ئاینیی کە لە مزگەوتی بچووکدا گوتاردەدەن.
بە بڕیاری وەزارەتی ئەوقاف و بە رێنمایی وەزارەتی تەندروستی، ئەو مزگەوتانەی رووبەرەکەیان لە 500 مەتر کەمترە، بەهۆی مەترسی کۆرۆناوە نوێژی هەینییان تێدا ناکرێت، کە لە سنووری هەولێردا دەیان مزگەوتی بچووک هەن و لە رۆژی هەینیدا دادەخرێن.