مەسرور بارزانی: ئامانجمانە هەموو کرێکارێکی کەرتی تایبەت لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رێکخستنەوەی کاروباری دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بە دیجیتاڵکردنی ئەرشیفەکەی لە هەولێر بەسەرکردەوە و رایگەیاند، بەرنامەی حکومەت ئەوەیە، هەرچی کرێکارە لە کەرتی تایبەت لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار بکرێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی حوزەیرانی 2023، لە شاری هەولێر سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرد و پڕۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی کاروباری دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بەدیجیتاڵکردنی ئەرشیفەکەی بەسەرکردەوە.
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتییەکە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە؛ دواتر سەرۆکوەزیران سەردانی بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی کرد و لە بەڕێوەچوونی کارەکانیانی کۆڵییەوە.
لەبارەی پڕۆژەکەوە، مەسرور بارزانی گوتی، بۆ زیاتر خزمەتکردنی کرێکارانی کەرتی تایبەتە؛ گوتیشی، "بینیمان کە بە چ شێوەیەک ئەو دۆسیانە لە شوێنی جیاجیا هەن و لەوانەیە ماوەیەکی دوورودرێژی بووێت کە فەرمانبەرێک بیەوێت کار لەسەر ئەم فایلانە بکات؛ ئامانجمان ئەوەیە بتوانین هەموو ئەو دۆکیۆمێنتانە بە دیجیتاڵ بکەین و ئەوەش ببێتە ئاسانکاری بۆ حکومەت و هاووڵاتییانیش."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "بەرنامەی حکومەت ئەوەیە، هەرچی کرێکارە لە کەرتی تایبەت هەموویان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار بکرێن. ئەمە دەبێتە هۆکارێکی زۆر بۆ هاوکاریکردنی حکومەت لە هەلی کار و یارمەتیدانی هاووڵاتییان بۆ ئەوەی روو لە کەرتی تایبەت بکەن. پێویست نییە هەموویان تەنیا روو لە کەرتی گشتی بکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لە داهاتوودا مافەکانیان پارێزراوە."
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو ئێستا 10%ـی کرێکار و فەرمانبەرانی کەرتی تایبەت دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە؛ گوتیشی، دەستبەرکردنی کرێکارانی کەرتی تایبەت بۆ "گەرەنتیکردنی" پێداویستییەکانیانە بۆ کاتی خانەنشینبوون.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەو بەشە پارەیەی وەکو دەستەبەری کۆمەڵایەتی کۆدەکرێتەوە باج نییە و "تەنیا گەرەنتیکردنی داهاتووی ئەو کەسانەیە کە لە کەرتی تایبەت کار.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 40 هەزار دۆسیە هەن بۆ دەستبەرکردنی کۆمەڵایەتی کاریان تێدا دەکرێت.