مەسرور بارزانی: لەگەڵ عەلی باقری باسمان لە باشترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان کرد
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەولێر و تاران قسەیان کردووە. عەلی باقریش لەبارەی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''هەوڵی پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوورییەکان دەدەین کە ئەوەش لە بەرژەوەندیی ئێمە و هاوڕێیانمانە لە عێراق و هەرێم".
ئەمڕۆ هەینی، 14ـی حوزەیرانی 2024، عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران گەیشتە شاری هەولێر، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ سەردانی بەغدای کرد.
مەسرور بارزانی و عەلی باقری دوای کۆبوونەوەیان کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان رێکخست.
مەسرور بارزانی رایگەیاند: ''کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ جەنابی وەزیر (عەلی باقری) لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و چۆنێتیی باشترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق، بەتایبەتی هەرێمی کوردستان هەبوو".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، باشترکردنی سەقامگیریی سیاسی لە ناوچەکە یەکێکی دیکە لە تەوەرەکان بوو و رایگەیاند: ''هاوڕا بووین لەسەر ئەوەی کە سەقامگیریی ناوچەکە لە بەرژەوەندیی هەردوو لایەن و هەموو ناوچەکەدایە".
هاوکات، عەلی باقری لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند: ''پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ هاوڕێیانمان لە هەرێمی کوردستان، برایانە و مێژووییە. ئایین، کولتوور، مێژوو و چارەنووسی هاوبەش لە داهاتوودا، پەیوەندییەکی بەهێزی لەنێوان ئێمە پێکهێناوە".
سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی: ''دوژمنان نایانەوێت سەقامگیری و ئارامیی ئێمە، چی لە ئێران و چی لە عێراق و ناوچەکە، ببینن، بەڵام هۆشیاریی رێبەران و بەرپرسانی باڵای ئێران، عێراق، بەتایبەتی هاوڕێیان و برایانمان لە هەرێم، رێگە نادات دووژمنان هیچ دەرفەت و دەرچەیەک بۆ مامەڵەی خراپ بەدەستبێنن".
سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندی و هاوکاریی دوولایەنە کردەوە و گوتی: ''هەوڵی پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوورییەکان دەدەین کە لە بەرژەوەندیی ئێمە و بەرژەوەندیی هاوڕێیانمان لە عێراق و هەرێمە''.
عەلی باقری ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوە لەگەڵ مەسرور بارزانی باسیان لە ژمارەیەک گرفتیش کردووە کە رێگرن لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و گوتی: ''برایانە و هاوسۆزانە هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدەین و بەو جۆرەش داهاتوویەکی درەوشاوە لە چاوەڕوانی هاوکارییە دوو لایەنییەکان دەبێت".