دالیای سلێمانی بەشداری کێبڕکێی (شاجوانی کیشورەکان) دەکات
رووداو- هەولێر
دالیا کچێکی قژرەشی باڵابەرزی خەڵکی سلێمانییە و بەشداری لە یەکێک لە پێشبڕكێکانی شاجوان دەکات لە جیهان.
دالیا 19 ساڵە و باڵای 173 سم و خەڵکی شاری سلێمانییە، ئەو یەکێکە لە بەشداربووانی کێبڕکێی “شاجوانی کیشوەران” کە بڕیارە لە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ لە وڵاتی ئیکوادۆر بەڕێوەبچێ. دالیا خۆی لە ئەمریکا دادەنیشێ و یەکێکە لە چالاکوانانی مافەکانی ژن.
دالیا یەکەم کوردە بەشداری ئەو کێبڕكێیە دەکات و لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش سێ کەس بەشدارن، ئەوانیش دالیا و كیچێكی ئیسرائیلی و كچێكی لوبنانی. ئەو کچە کوردە لە لێدوانێکیدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) ئەو پێشبڕکێیەی بە هەلێک زانی بۆ ئەوەی بتوانێ نوێنەرایەتی کورد بکات و بە پێی توانای کورد بناسێنی.
دالیا گوتی:”زۆر کەسی عەرەب داوایان لێکردووم کە ئەگەر بەناوی عێراقەوە بەشداری بکەم ئەوا سپۆنسەریم دەکەن، بەڵام رەتمکردووتەوە و بەناوی کوردستان بەشداردەبم”. 40 کچ کێبڕکێدەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو نازناوە، کە بە پێوەرەکانی: جوانی، باکگراوندی زانستی و چالاکی هەڵبژێردراون.
دالیا داوای لە هاونیشتیمانیانی کورد کرد هاوکاری بکەن تا بتوانێ لەو پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەدا بە ئاڵای کوردستانەوە پلەی یەکەم بەدەستبێنێ.