تەنیا 60 خێزان گەڕاونەتەوە شنگال
رووداو - شنگال
هەرچەندە لەوەتەی 13-11-2015 شارۆچکەی شنگال لە دەست چەکدارانی داعش کۆنترۆڵکراوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا 60خێزان گەڕاونەتەوە ئەو شارۆچکەیە.
پێش هەفتەیەک نامەیەک لە بەرپرسانی شنگالەوە گەیەندراوەتە بان کی موون، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی شاندێک بنێرن و لە نزیکەوە دۆخی شارۆچکەی شنگال ببینن، رۆژی 14-7-2016 شاندێکی باڵای نەتەوە یەککگرتووەکان گەیشتە شنگال.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەو محەمما خەلیل، قایمقامی شارۆچکەی شنگال بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند " ناوەرۆکی نامەکە 10 خاڵی لەخۆی گرتبوو، کە بریتی بوون لە داخوازییەکانی خەڵکی شنگال، یەکێکیش لەو خاڵانە رزگارکردنی کچ و ژنانی ئێزدییە لەژێر دەستی داعش و ناساندنی کەیسی شنگالە وەکو جینۆساید لە دادگای نێودەوڵەتی، رێزگرتنە لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان".
لەبارەی گەڕانەوەی خەڵکەکە بۆ سنووری شارۆچکەی شنگال، قایمقامی شارۆچکەی شنگال دەڵێت: "تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی کەمیان گەڕاونەتەوە، بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستی ئێمەدان لە سنووری 60 ماڵ گەڕوانەتەوە ناو شنگال و دەوروبەری، 10%ی خەڵکی شارەدێی سنوونێ گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان".
محەمما خەلیل، هۆکاری نەگەڕانەوەی خەڵکی ناوچەکەی گەڕاندەوە بۆ "کەمی خزمەتگوزاری و ململانێی سیاسی و کۆنترۆڵنەکردنەوەی 20% خاکی شنگال لەبن دەستی داعش".
بەپێی پسووڵەی خۆراک، ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەی شنگال 51 هەزار 570 کەس بووە. بەپێی گوتەی محەمما خەلیل " لەنێو شنگال 8 هەزار و 150 خانوو هەبوون، لەو ژمارەیە 5 هەزاریان 100%-ی وێرانکراوە، بەگشتی سنووری شنگال بە شارەدێیەکانییەوە، بەپێی پسوولەی خۆراکی ژمارەیان دەگاتە 515 هەزار کەس".
قایمقامی شارۆچکەی شنگال، ئاماژە بەوەش دەدات، ژمارەیەکی زۆری خەڵکی شنگال روویان لە هەردوو وڵاتی تورکیا و سووریا کردووە، 17 هەزاریان لە کەمپەکانی سووریان و 12 تاوەکو 15 هەزاریشیان لە تورکیان، ئەوانەی لە کەمپەکانی سووریان دۆخیان خراپە و خوازیاری گەڕانەوەن بۆ شنگال.
قائیمقامی شارۆچکەی شنگال، هیواخوازە هێزەکانی "یەپەگە و پەکەکە، نەبنە رێگر لەبەردەم ئاوەدانکردنەوەی شنگال" و دەڵێت "ئەو رۆژەی لە ئێمە قەوما چ یەپەگە بێت چ پەکەکە، بەرگریان کردووە، ئەوەش شتێکی نەتەوەیی بوو، بەڵام نابێت ئێستا ببنە رێگر لەبەردەم ئاوەدانکردنەوەی شنگال، خەڵکیش ترسی لەوە هەیە و ئەوان ئاڵۆزی لەبەردەم خەڵک دروست دەکەن، بۆیە خەڵک ناوێرن بگەڕێنەوە".
سەبارەت بە گرنترین ئەو هۆکارانەی بووەنەتە رێگر لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵک بۆ شنگال، مەحما خەلیل، گوتی: "دۆخی سیاسی لە هەمووی زیاتر رێگرە، دوای ئەویش خزمەتگوزاری ئاو و کارەبایە".
سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە محەمما خەلیل، ئەوە دەخاتەڕوو " بۆ ئاوەدانکردنەوی شنگال و قەربووکردنەوەی خەڵکەکەی پێویستیمان بە 10 ملیار دۆلار هەیە، تاوەکو ئێستا لەلایەن UNDP 3 ملیۆن دۆلار تەرخانکراوە، بە کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو بەشەی دیکە کە 20%ـە، بڕە پارەی زیاتر بۆ شنگال پێویست دەکات".
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کوردە ئێزدییانەی لەژێر دەستی داعش ماون و ئەوانەشی رزگارکراون، مەحما خەلیل، قائیمقامی شارۆچکەی شنگال، گوتی: " تاوەکو ئێستا 3 هەزار 700 کەس لەبن دەستی داعش ماون، سوپاس بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەرکەسێک کە هاوکاربووە بۆ رزگارکردنیان کە تاوەکو ئێستا 2 هەزار و 677 کەس رزگار کراون".