ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان لەگەڵ پارتی: لێکتێگەیشتنی باش لەنێوانمان هەبوو

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیاندا لە پیرمام لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان باسی ئەو مژارانەیان کردووە کە پەیوەندیدارن بە هەرێمی کوردستانەوە، لەوانەش مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. 
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کە بەشداری کۆبوونەوەکە بووە و نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم هەفتەیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی جیدی دەخەنەگەڕ بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی مووچەی مووچەخۆران. 
 
لەبارەی کەشی کۆبوونەوەکەش بەگشتی، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی، کۆبوونەوەکە "زۆر باش و ئەرێنی" بوو و "لێکتێگەیشتنی باش" هەبوو. 
 
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە لەبارەی هەوڵەکانی تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو. ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی، پێکهێنانی کابینەی نوێ "هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە". 
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی، چاوەڕوان دەکرێ دوای چارەسەرکردنی پرسی مووچە لەگەڵ حکومەتی عێراق، پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش تەواو بێ. 
 
کۆبوونەوە باڵاکەی پارتی و یەکێتی بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی بوو. 
 
لە دوای کۆبوونەوەکە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیێندراوێکی هاوبەشیان راگەیاند، تێیدا هاتبوو: "سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شاندی یاوەری کرد و کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کرا".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە رووداو، پێشهاتەکان، کێشە و گرفتەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەتایبەتی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".
 
لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکە لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دوای گفتوگۆ و بیروڕاگۆڕینەوە، لێکدانەوەی هەموو رەهەندەکان لەڕووی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەردوولا هاوڕابوون هەموو هەوڵەکان چڕ بکرێتەوە بۆ چارەسەری کێشە و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و تەواوی ئەو هەنگاوانەی پێویستن لە چوارچێوەی دەستووردا بە ئاراستەی چارەسەرکردن بە هاوئاهەنگی هەردوولا بهاوێژرێن".
 
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوە تەرخانکرابوو بۆ "زیاتر پتەوکردنەوەی پەیوەندی پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان تێبپەڕێنن" و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بکەین".
 
لە بەشی کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر یەکخستنی هەڵوێستی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق کردەوە کە هاوکار و پشتیوان بن لە چارەسەری ئەم کێشەیە.
 
دوایین جار 21-5-2025، پارتی و یەکێتی لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵای شاری هەولێر کۆبوونەوە، شاندی پارتی بە سەرۆکایەتی هۆشیار زێباری و شاندەکەی یەکێتیش بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانییە.