ڤێتێرنەریی دهۆک: کارەبا هۆکاری لەنێوچوونی ژمارەیەک ماسیی بەنداوی موسڵە

رووداو دیجیتاڵ

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەریی دهۆک دەڵێت، هۆکاری لەنێوچوونی ماسییەکانی بەنداوی موسڵ نەخۆشی نەبووە، بەڵکو ''دەرکەوتووە ماسییەکان بەهۆی بەکارهێنانی کارەبا بۆ راوکردنیان مردوون.''
 
رۆژی دووشەممە، 14-07-2025، ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ئەو لیژنەیە راگەیێندرا کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی دهۆک بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری لەنێوچوونی ژمارەیەک ماسی لە بەنداوی موسڵ و هەندێک شوێنی دیکەدا پێکهێنرابوو. 
 
رۆژین محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەریی پارێزگای دهۆک، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ''پشکنین بۆ نموونەی ماسییە مردووەکان کرا و دەرکەوت کە هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییان تێدا نییە و ژەهراویش نەبوون.''
 
بە گوتەی رۆژین محەممەد، زۆربەی ئەو ماسییانەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا لەنێوچوون، ماسیی بچووک بوون، ''بۆیە بۆمان دەرکەوت کە کارەبا بۆ راوکردنیان بەکارهێنراوە.''
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەریی پارێزگای دهۆک جەختی لەوە کردەوە، ''پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان سامانی ماسی بپارێزن و رێگە نەدرێت لەلایەن کەسانێکەوە بۆ راوکردنیان، کارەبا بەکاربهێنرێت.''
 
ساڵانە لە مانگی ئادارەوە تاوەکو مانگی حوزەیران، راوەماسی لە هەرێمی کوردستان قەدەخە دەکرێت، چونکە ئەو ماوەیە وەرزی زاوزێ و دانانی گەرای ماسییە. رۆژین محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، دوای تەواوبوونی قەدەخەی راوەماسیش، نابێ راوکردنیان بە شێوەیەک بێت کە زیان بە ماسییە بچووکەکان بگات یان راو بکرێن.
 
بە گوێرەی ئاماری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ساڵانەی ماسی لە هەرێمی کوردستان 9 هەزار تۆنە، بەڵام خواستی ساڵانە دەگاتە 12 هەزار تۆن، ئەوەی دەمێنێتەوە هاوردە دەکرێت و زۆربەشی لە ئێرانەوە دەهێندرێت.