پارێزگاری ورمێ: هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت کۆڵبەران کەرەستەی سەربازی دەگوازنەوە

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری ورمێ تۆمەتبارکردنی کۆڵبەران بە گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی بۆ نێوخۆی ئێران رەتدەکاتەوە و دەڵێت، هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی ئەو تۆمەتە پشتڕاست ناکاتەوە.

رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی پارێزگاکەدا بە ئاماژەدان بە تۆمەتبارکردنی کۆڵبەران بە گواستنەوەی کەلوپەل و کەرەستەی سەربازی گوتی، هیچ بەڵگەیەک نییە ئەوە بسەلمێنێت. دەشڵێت، هەندێک کەس بێ هۆکار و بەڵگە ئەو تۆمەتە دەدەنە پاڵ کۆڵبەران.
 
قسەکانی پارێزگاری ورمێ لە کاتێکدایە، بەشێک لە میدیا و هەروەها بەرپرسانی ئێران، لە نێویاندا فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران، تۆمەتی گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی و چەکیان داوەتە پاڵ کۆڵبەران. هەروەها لە رۆژی 25ی حوزەیرانی 2025 سێ کاسبکاری کورد کە دوو کەسیان خەڵکی سەردەشت و یەکێکیان خەڵکی قەڵادزێ بوو لە گرتووخانەی ورمێ بە تۆمەتی گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی و هاوکاریکردنی ئیسرائیل لەسێدارە دران.
 
دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 13ی حوزەیرانی ئەم ساڵەوە، رێوشوێنی تووندتر لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان گیراوەتە بەر و داواکاری گشتیی شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان رایگەیاندووە، هاتووچۆی کۆڵبەران بە تەواوی قەدەخە کراوە و هەر کەس هاتووچۆ بکات، بەرپرسیارێتی گیانی لەسەر خۆی دەبێت.