سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبا: کارەبای هیچ ناوچەیەک بۆ پڕۆژەی رووناکی نەبڕاوە
رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە لە چەند ناوچەیەکی سنووری هەولێر و ئیدارەی سۆران کارەبای نیشتمانی کەمبووەتەوە و بەشێک لە هاونیشتمانیان و هەندێک لایەن دەڵێن، کارەبای نیشتمانی بەهۆی پڕۆژەی رووناکییەوە کەمبووەتەوە، بەڵام وەزارەتی کارەباش ئەوە رەتدەکاتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاونیشتمانیان دڵنیا دەکەینەوە، کە بەهۆی پڕۆژەی رووناکییەوە کارەبای هیچ ناوچەیەک کەم نەکراوەتەوە، چونکە سەرچاوەکەیان جیایە".
بەگوێرەی وەزارەتی کارەبا بۆ رووداو، "بە هیچ شێوەیەک لەسەر ئەستۆی ناوچە و گوندەکانی دەوروبەر، کارەبا نەگوازراوەتەوە ناوچەکانی پڕۆژەی رووناکی. تەواوی کارەبای پڕۆژە 24 کاژێرییەکە لە کارەبای هەناردەکراو بۆ ناوچەکانی عێراق گەڕێنراونەتەوە و سەرچاوەیان گرتووە، کە سەرچاوەیەکی سەربەخۆیە و جیاوازە لەو سەرچاوەیەی ناوچەکانی دەوروبەر، کە پشت بە کارەبای بەرهەمهێنراوی وێستگەکان دەبەستێت".
بەهۆی کەمیی کارەبا و ئاوەوە لە چەند ناوچەیەکی سنووری هەولێر و ئیدارەی سۆران خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، بەتایبەت لە قوشتەپە و وەرتێ، کە لە وەرتێ کوژرانی هاونیشتمانییەکیشی لێکەوتەوە.
لەبارەی هۆکاری کەمبووەنەوەی کارەبا لە پارێزگای هەولێر، سەرچاوەکەی وەزارەتی کارەبا گوتی: "لە ئاڵۆزییەکانی سنووری قەزای خەبات کێشە بۆ وێستگەی کارەبا دروستبوو، ئەوەش کاریگەریی هەبوو لەسەر کەمبوونەوەی کارەبای ناوچەکانی دەوروبەر، کە ئێستا ئەویش چارەسەرکراوە".
بەگوێرەی سەرچاوەکەی وەزارەتی کارەبا، "ئەو ناوچانەی دەوروبەر ساڵێک لەمەوبەر چەند کارەبایان هەبووە، ئێستاش هەمان بڕ کارەبایان هەیە. چونکە سەرچاوەی کارەباکە جیاوازە و پەیوەست نییە بە پڕۆژەی رووناکییەوە".
وەزارەتی کارەبا دڵنایی دەداتە هاونیشتمانیان، "دوای تەواوبوونی رێکارەکانی چاکسازیی لە تۆڕەکانی کارەبا، کارەبای هەموو ناوچەکان لەچوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا دەبێتە 24 کاژێری".
بەگوێرەی راگەیێندراوی پڕۆژەی رووناکی، ئێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن کەس سوود لە پڕۆژەکە وەردەگرن و کارەبایان کراوە بە 24 کاژیری.
بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ سەنتەری پارێزگاکان و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 هەموو هەرێمی کوردستان کارەبایان دەکرێتە 24 کاژێری.